رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێبەریی ئەو حیزبەدا بڕیار لەسەر درێژەپێدانی دانوستاندنی دوو لایەنەکەی دیموکرات بۆ یەکگرتنەوە دراوە.
رۆژی چوارشەممە 19-5-2021، پلینۆمی ساڵیانەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لێکدانەوەیەکی سیاسیی لەسەر بارودۆخی کوردستان، ئێران و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکێشکرد.
خالید عەزیزی لە پلینیۆم باسی کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەر ژیان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران و بەربەرەکانیی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک و کۆماری ئیسلامی کردووە. لێکدانەوەی پلینۆم لەو بارەیەوە ئەوە بوو کە "کۆڕۆنا هەرچەندە بەشێوەی کاتیش بووبێ لەسەر بەربڵاویی ناڕەزایەتییە گشتییەکان شوێنی داناوە، بەڵام ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی زیاتر کردووە".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی شورای شار و گوندەکان و سەرۆککۆماری ئێرانیش کە لە 18ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاش لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو مژارە پێیوابووە "دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شەرعییەتەکەی لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک وەرناگرێ، بەڵکوو گەمەی هەڵبژاردن وەک کارتێک چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا بۆ رواڵەتسازی و بەهێزکردنی خۆی بەکاردێنێت.
هەر سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن لە راگەیێندراوی کۆتایی پلینیۆم ئاماژە بەوەدراوە "حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و هەڵبژاردن هەیە و ئارەزوو دەکا لە ئێرانیشدا هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوەچووبا. بەڵام پێیوایە هەڵبژاردنەکانی جۆزەردان هیچ دەرفەتێکی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە و هیچ رۆچنەیەکی هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بەدی ناکرێ، بۆیە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەڵبژاردنانە بایکۆت دەکات".
سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە راگەیێندراوی کۆتایی پلینیۆمدا هاتووە: "پلینۆم دوای بیستنی راپۆرتی بەرپرسی هەیئەتی دانوستاندنی حیزب و تەتەڵەی بابەتەکانی پێوەندیدار بەو باسە، بە ئاماژە بەوەی حیزب هەر لە سەرەتاوە دەستپێشخەری یەکبوون بووە و لە هەمانکاتدا بەردەوام کاری بۆ یەکگرتنەوە کردووە؛ دەفتەری سیاسیی راسپارد لە بەدواداچوونی ئەم کارە بەردەوام بن".
پێش پلینیۆم، پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) پرۆژەیەکی لە بارەی یەکگرتنەوەی هەردوو لایەنی دیموکرات داوەتە حیزی دیموکراتی کوردستان (حدک) بۆ ئەوەی لە پلینیۆم تاوتوێی بکەن.
محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی شاندی دانوستاندنکاری حدکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پڕۆژەکەدا میکانیزمێکیان پێشنیازکردووە بۆ درێژەپێدانی دانیشتنەکانیان و بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکانیان.
بەگوتەی قادری، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی حدک و حدکا گەیشتووەتە قۆناخی تەکنیکی و پێویستییان بە دانانی مکانیزمێکی گشتی هەیە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆسەکە.
بەرپرسی وەفدی دانوستاندنکاری حدکا دەڵێت، تاوەکو ئێستا وەڵامی رێبەریی حدک بە پێشنیازەکەیان پێنەگەیشتووە و هیوادارن کە بڕیارەکە لە چوارچێوەی رێگە خۆشکردن بێ بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکان. بەڵام بەرپرسانی حدک قسە لەسەر پەسەندکردن یان نەکردنی پڕۆژەکەی حدکا ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ