رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئاهەنگی نەورۆز لە یاریگەکانی زۆربەی شارەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حکومەتی ئێران داوای لە قایمقامەکان کردووە، لە گەورەترین یاریگەی شارەکاندا ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز بگێڕن. قایمقامەکانیش ئامادەکارییان بۆ ئەو مەبەستە کردووە و لە رێگەی ئەنجوومەنی شارەکانەوە ئاهەنگەکان دەکرێن.
بەپێی ئامادەکارییەکان، لە ئاهەنگەکاندا گۆرانی دەگوترێ و هەڵپەڕكێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەشداری دەکەن یان نا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگەکان لە شاری بانە دەبێت، کە تێیدا گۆرانیبێژانی خەڵکی سنە، کرماشان و ورمێ بەشدار دەبن. هەر لە بانە، پێشانگەی پیشە دەستییەکان و خۆراکە خۆجێیە کوردەوارییەکانیش دەکرێنەوە.
گێڕانی ئەم ئاهەنگانە لە کاتێکدایە، لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێویاندا شارەکانی پارێزگای سنە بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز کە باوکی دەڵێت، دوای گیرانی، کوژرا.
لە ساڵانی رابردوودا لە هەندێ شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی هاونیشتمانیان رێوڕەسمی گەورەی تایبەت بە نەورۆزیان رێکدەخست و بەشداری خەڵکیش تێیاندا زۆر بوو.
هەندێک لە چالاکییەکانی ئەو رێوڕەسمانە بەدڵی دەسەڵات نەبوون، بۆیە هەندێک لە رێکخەرانیان گیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ