رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند نەورۆزی ساڵی 2024 لەسەر ئاسمانی هەولێر ساڵی کوردی دەگۆڕدرێت، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگێکی گەورەی جیهانی بە ئامادەبوونی هەموو ئەو نەتەوانەی کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، لە هەولێر ساز دەکەن، دەشڵێت بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەک دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی نەورۆزەوە رایگەیاند: "بەڕێز د. فەریدون کەریم شارەزووری، پرۆژەیەکی داوەتە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێم، لەم پرۆژەیەدا بەپێی پێوانە گەردوونی و ئەستێرەناسییەکان و ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانی، نەورۆزی ساڵی 2024 لەسەر ئاسمانی هەولێر ساڵی کوردی دەگۆڕدرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئامادەسازیدایە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین نەورۆزی جیهانی لەوساڵەدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئاداری 2022، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پسپۆڕێکی کورد لە ئاژانسی نیشتمانی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ناسراو بە ناسا، پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە سەبارەت بە نەورۆزی ساڵی 2024ی کە دەکاتە نەورۆزی ساڵی 2724ی کوردی و دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە ئامادەکارییە بۆ ئەو رووداوەی کە نەورۆزی ئەو ساڵە واتە ساڵی کوردی لەسەر ئاسمانی هەولێر دەگۆڕێت".
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئاداری 2022، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لەراگەیێنراوێکدا لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئامادەسازیدایە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین نەورزی جیهانی لە ساڵی 2024 لەپایتەختی هەرێمی کوردستان.
هەر لە پەیامەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە: "نەورۆز لەمڕۆدا وەک کولتوورێکی نێودەوڵەتی لێهاتووە، لەسەر ئاستی رێکخراوە جیهانییەکان پیرۆزبایی لەو یادە دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز رادەگرێت بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر.. ئەوەی جێگەی داخە هەندێک ناشارەزا لەمێژوو لەهەوڵدان کورد و نەورۆز لێکداببڕن بەبیانووی بێ بنەما، هاوکات هەندێک پیاوی ئاینی لەو بارەیەوە فتوای ناڕاست و چیرۆکی بێ بنەما بەگوێی خەڵکیدا دەدەن".
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت: "رێگە بەهیچ کەس و لایەک نادەین، سیمای جوانی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بشێوێنێت، نەورۆز چەندین رەهەندی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەهەموی گرنگتر، ژیاندۆستی و ئازادیخوازی و تەبایی نێوان مرۆڤەکانە، گەلی کوردستان یەکێک لە کۆنترین ئەو گەلانەیە کە لەناو دڵی زاگرۆسدا نەورۆزی وەک جەژن ناساندووە و سەری ساڵی نوێی بەستووەتەوە بەو جەژنەوە، هەر بۆیە دەبینین لەچاو گەلانی تر بە جۆش و خرۆشتر ئەم یادە دەکاتەوە".
ئەمڕۆ 20ی ئادار لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز دەکرێت، ئێوارە ئاگری نەورزۆ دەکرێتەوە و خەڵک دڵخۆشی خۆیان بە هاتنی ساڵی نوێی کوردی، کە جەژنێکی نەتەوەییە دەردەبڕن. سبەیش خەڵک بۆ سەیران دەچنە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ