پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان: لە 15 رۆژی داهاتوودا کێشەی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر دەکرێت

20-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە یەک ملیۆن دەفتەری پاسپۆرت چاپ بکرێن و لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوودا کێشەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت لە هەموو عێراق چارەسەر بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 20-02-2023 لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرفتی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت هەموو عێراقی گرتووەتەوە، چونکە ئەو کارگەیەی دەفتەری چاپ دەکرد داخرا، لەبەرئەوەی بڕیار بوو پاسپۆرتی نوێ دەربکرێت؛ بەڵام دواتر گەڕانەوە بۆ سەر پاسپۆرتە کۆنەکە و ئەوەش کاتی دەوێت بۆئەوەی دووبارە دەفتەر چاپ بکەن و بینێرن بۆ شارەکان."
 
بە گوتەی لیوا هێرش ئەحمەد، بەڵیندراوە بە زووترین کات کارگەیەک دەست بە چاپکردنی یەک ملیۆن دەفتەر بکات و راستەوخۆ بەسەر شارەکاندا دابەشبکرێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؛ گوتیشی بەرپرسانی لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق بەڵێنیان داوە لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژی دیکەدا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت، هەموو عێراق تووشی گرفت بووە."
 
زیاتر لە مانگ و نیوێکە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە راگیراوە.
 
رۆژی 18-02-2023 عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە کارەکان بەردەوامن و کاری هاونیشتمانیمان رانەگیراوە، تەنیا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 380 مامەڵەی هاونیشتمانیانمان رایی کردووە، بەڵام کە دەگاتە سەر ئامێری چاپ، بەهۆی نەبوونی دەفتەر لەوێ، مامەڵەکان رادەوەستن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە