رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەستپێشخەرییەک دەداتە پارتی.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی دووشەممە 20-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەرییەکی داوەتە پارتی و داوای کردووە مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب لەسەر ئەو بابەتە کۆببنەوە.
ئەم هەنگاوەی بافڵ تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی بووە، کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییش لە پەرلەمانی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "داوامان لە کاک بافڵ و دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی کرد یەکێتی و پارتی گرفتەکانیان تێکەڵی هەڵبژاردن نەکەن، چونکە هەڵبژاردن پەیوەندیی بە حیزبەکانی دیکە و خەڵکیشەوە هەیە و تەنیا کێشەی پارتی و یەکێتی نییە."
بە گوتەی رێواز فایەق، "بافڵ تاڵەبانی بە پێشنیازەکە رازی بوو و دەستبەجێ داوای لە رەفعەت عەبدوڵڵا کردووە پەیوەندی بە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە بکات و دەستپێشخەرییەکەی پێ بگەیێنێت، ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی پارتی دەکەین."
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی ئامادەیە لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە و رێکبکەون.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، د. رێواز فایەق بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی سێ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە و دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتیش راستەوخۆ دەست بە خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایانە دەکەن کە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێش کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ