رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان لە رۆژی جیهانی پیاوان دەڵێ 'دۆخی پیاوان لە هەرێمی كوردستاندا لەوپەڕی خراپی دایە' تەنیا لەم مانگەدا 7 پیاو خۆیان کوشتووە.
19ـی تشرینی دووەمی 2024، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی پیاوان دیاریکراوە. بورھان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی پیاوان لە هەرێمی كوردستاندا لەوپەڕی خراپی دایە، تەنیا لە نۆ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا؛ 409 تووندوتیژیی بەرامبەر پیاوان تۆمارکراوە و بە تەنیا لەم مانگەدا، حەوت پیاو خۆیان کوشتووە، ئەوەش نیشانەیەکی روونی خراپیی دۆخی پیاوانە لە هەرێمی کوردستاندا."
بە گوتەی سکرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان، ساڵی رابردوو شەش رووداوی كوشتنی پیاوان لەلای ئەوان تۆمار کرابوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەكە بۆ 13 رووداو زیادی کردووە.
بورهان عەلی باسی لە نوێترین تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان کرد و گوتی "دوێنێ کەیسێکمان هەبوو، کە ئافرەتێک بە هاوژینەکەی گوتووە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە رێگەت دەدەم لە ماڵەوە لەگەڵم بژی، دوای ئەوە لە ماڵەوە دەرتدەکەم."
بەگوتەی سكرتێری یەكێتیی پیاوان، ئافرەتان سیاسەتی 'بەشی خۆم بۆخۆم ئەوەی تۆش دەخۆم' بەرامبەر پیاوەکانیان بەکاردەهێنن لە دوای جیابوونەوەیان و "بە هەر رێگەیەک بێت، هەرچی مافی پیاوەکەیە قۆرخی دەکەن."
رۆژی 19ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی پیاوانە، لە ساڵی 1999 دا بۆ یەكەمجار ئەم بیرۆكەیە لە ترینیداد و تۆباگۆ-ەوە كە دوو دوورگەی گەورەن لە باشووری دەریای كاریبی، سەریهەڵدا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتیی لێكرد، لە ساڵی دواتریشدا لە ئوسترالیا، ئەمریكا، كەنەدا و رووسیا رۆژەكە راگەیێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ