رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، ئەگەر تەواوی ئەندامانی خێزان نەگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری، بژمێرەکان تۆماریان ناکەن.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "زانیاری هەڵە بڵاوکراوەتەوە، دڵنیایی دەدەین هەموو خێزانەکان نەگەڕێنەوە، بژمێرەکانی سەرژمێری تۆماریان ناکەن."
لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، رۆژانی 16 بۆ 19ـی مانگ، سەرۆک خێزانەکان ئاسایی بووە بچنەوە کەرکووک بۆ سەرژمێری بەڵام "رۆژانی 20 و 21 دەبێت تەواوی ئەندامانی خێزان ئامادەبن".
هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لە ناوچە دابڕاوەکان "باشتر وایە" هەموو ئەندامانی خێزانەکە بگەڕێنەوە.
گوهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ سەرژمێری قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و دەبێت هەموو خێزانەکان لە ماڵەوەبن لە ناوچە دابڕێنراوەکانیش".
لەبارەی ئەوەی "ئایا یەک کەس دەتوانێت ناوی تەواوی خێزانەکەی تۆمار بکات؟'' گوهدار محەممەد گوتی "دەکەوێتەوە سەر لیژنەی سەرژمێری پارێزگاکە، باشتر وایە خێزانەکە تەواوی ئەندامانی ئامادەبێت، بەڵام هەمووشیان ئامادە نەبن بژمێرەکان دەتوانن لە نزیکترین کەسیان ناسنامەکان وەربگرن و تۆماریان بکەن."
پێشتر بەرپرسانی لیژنەکانی سەرژمێری رایانگەیاندبوو، رۆژانی سەرژمێری تەنیا سەرۆکی خێزان دەتوانێت ئامادە بێت و تەواوی ئەندامانی لە سەرژمێریدا تۆمار بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، نزیکەی 500 هەزار کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان دا دەژین، بەشێکیان گەڕاونەتەوە و ئەوانەشی بیانەوێت بگەڕێنەوە، تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو مۆڵەتیان هەیە، دواتر بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە رێگەی گەڕانەوەیان پێ نادرێت.
لە کەرکووک مەڵبەندی یەکێتی و لقی پارتی، ئامادەییان دەربڕیوە هەر هاونیشتمانییەک بگەڕێتەوە، جێگەی بۆ دابینبکەن.
20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوەش هەردوو رۆژەکە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە پشووی فەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ