چەند بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە؛ 'خولێکی توانستی زمانی ئینگلیزی دەکرێتەوە'

18-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا، بە کردنەوەی زانکۆی پزیشکی لە سلێمانی و کردنەوەی خولێکی نوێی ماستەر و دکتۆرا و نەهێشتنی مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى بۆ قوتابییانی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا.
 
رۆژی دووشەممە، 18 تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرپەرشتى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى وەزارەتەکە کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا پرسى سەربەخۆیى زانکۆکان، داهاتى زانکۆکان، کردنەوەى خولێکى نوێى خوێندنى باڵا، بەردەوامى داشکاندنى کرێى خوێندن، تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندکاران و قوتابییانى خوێندنى باڵا، بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى و چەند تەوەرێکى دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بڕیاردرا بە ئامادەکردنى رەشنووسێک بۆ پرسى سەربەخۆى زانستى، دارایى و یاسایی زانکۆکانى کوردستان. هەروەها ماوەى پێنج ساڵە بڕیارى داشکانى 45%ى کرێى خوێندن بەردەوامە بە ئەم ساڵیشەوە."
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، دوو بەرنامەی کردنەوەى زانکۆی تایبەت بە بوارى پزیشکى لە سلێمانى و لە زانکۆى سەڵاحەدین- هەولێر ئامادە بکرێن."
 
سەبارەت بە کردنەوەى خولێکى نوێى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا، لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، عەباس ئەکرەم دەڵێت، "زانکۆکانى کوردستان راسپێردران ساڵانە بەپێى خشتە و کاتى دیاریکراو خوێندنى باڵا (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەپێى پێویست بکرێنەوە."
 
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، ئەو زانکۆیانەى ستافى زانستیان هەیە و مەبەستیانە خولێکی دیکەى خوێندنى باڵا بکەنەوە بۆ خولى داهاتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پلانیان نەناردووە، پێویستە لە نزیکترین کاتدا پلانەکانیان بۆ وەزارەت و لیژنەى ئامادەکردنى رێنوێنییەکانی خوێندنى باڵا بەرزبکەنەوە، بەمەبەستى کارکردن لەسەر پلانەکان بۆ کردنەوەى خولی نوێى خوێندنى باڵا.
 
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بەوەکرد، "قوتابییانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە سەرجەم بەشەکانى کۆلێژەکان لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان رێگەیان پێدەدرێت بەبێ مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى تاوتوێى ماستەرنامە و تێزى دکتۆرا بکەن، بەڵام لەلایەن زانکۆکان بڕوانامەیان پێ نابەخشرێت تاوەکو مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى بەپێى رێنماییەکانى پەیوەندیدار دەستەبەر دەکەن."
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت، وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە: "راسپاردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەتمەند بە بوارى پزیشکى لە شارى سلێمانى. بەهۆى پێویستى زۆرى ناوچەکە و هەرێمى کوردستان بە کادرى تەندروستى و پزیشکى لێهاتوو بە کوالێتیی بەرزى خوێندن." هەروەها "ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.