رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداربوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان، تەرمی سەییدکەمال ئەحمەد پوور لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردرا.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 19-11-2022، بە سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری مهاباد لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەییدکەمال ئەحمەدپوور لە شاری مهاباد بەشداربوون.
سەیید کەمال ئەحمەدپوور لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردووی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. ئەو خێزاندارە و کچ و کوڕێکی هەیە.
ئەو هاونیشتمانییە سێ گولـلەی بەرکەوتبوو و، دوای برینداربوونی گوێزرایەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستدا. لە کاتی بەخاکسپاردنی ئەو هاونیشتمانییە و دوای گەڕانەوەی خەڵکیش لە گۆڕستانەوە، هاونیشتمانییان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و سوپای پاسداران درووشمیان گوتەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ بەشی زۆری دووکان و بازاڕەکانی شاری مهاباد نەکرانەوە.
ناڕەزایەتیی رۆژی هەینیی شاری مهاباد هەر لە بەیانییەوە دەستیپێکرد. سەرلەبەیانی ئەو رۆژە خەڵک تەرمی ئازاد حوسێن پووریان برد و بە خاکیان سپارد و لە گەڕانەوەدا ناڕەزایەتی زیاتر بوو؛ هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی محەممەد ئەحمەد گاگەشیش تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستی.
بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان، تەرمی محەممەد ئەحمەدیش بە خاک سپێردرا و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ