رووداو دیجیتاڵ
عەبدولجەبار محەممەد سەعید ناسراو بە "عەدۆ" پیاوێکی تەمەن 42 ساڵانی دانیشتووی گوندی سماقۆکێی سەر بە قەزای ئاکرێیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیکەی کاژێر 04:15 خولەکی دوای نیوەڕۆ، لە سەنتەری قەزای ئاکرێ ئۆتۆمبێلێک خۆی پیاکێشا و گیانی لەدەستدا.
حەجی تەمۆ ئامۆزای عەبدولجەبار محەممەدە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عەدۆ" نزیکەی 15 ساڵە خۆبەخشانە بەردەوام زبڵ و خاشاک لە شەقام و کۆڵانەکانی قەزای ئاکرێ کۆدەکاتەوە، کاتی رووداوەکەش خەریکی پاککردنەوەی شەقامێک بووە.
دوای رووداوەکە عەدۆ گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. حەجی ئاماژەی بەوەشکرد، عەدۆ لە سکماکەوە "نەخۆشی دەروونی" هەبووە و هەرگیز زیانی بۆ کەس نەبووە، نزیکەی 15 ساڵیشە خوی بەو کارەوە گرتبوو بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی ماددی هەبێت.
رێکەوت زوهێر، مفەوەزی پۆلیسی هاتووچۆی ئاکرێ لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شۆفێرەکە راینەکردبوو و ئێستا لە بنکەی پۆلیسی گوڵان لە ئاکرێ دەستبەسەرە.
"عەدۆ" کەسێکی ناسراو و خۆشەویست بووە لەنێو خەڵکی ئاکرێ، بەهۆی خزمەت و قسە خۆشەکانییەوە خەڵکی ڤیدیۆیان لەگەڵ تۆماردەکرد، ئەو کەسەی ڤیدیۆی ساتی رووداوەکەی تۆمارکردووە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، بۆ هەمان مەبەست ڤیدیۆی عەدۆی پێش رووداوەکە تۆمارکردووە، بەڵام نەیزانی دەبێتە دوایین ڤیدیۆی ئەو لە ژیانیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ