گوتەبێژی یەکێتی: هەفتەی داهاتوو شاندێکی یەکێتی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات

19-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە شاری سلێمانی کۆبووەوە و بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئەو حیزبە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، سێیەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای کۆنگرەی پێنجەم کۆتاییهات، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەیانەوە بە بەشێک لە میدیاکانی حیزبەکەی و نزیک لە یەکێتی رایگەیاند، "یەکێک لە راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم ئەوەبوو کە سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکەین، لیژنەیەک بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک بافڵ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاریکرا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگادارکرایەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دەستبکات بە دانانی شوێن و کاتی کۆبوونەکان."
 
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکان لە کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گوتی، "هیوادارین ببێتە مایە هەوێنی یەکڕیزی نیشتمانی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و لەکۆتاییدا ئەو یەکڕیزییە بە وەرەقەیەکی هاوبەش ببێتە هاندەرێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا و کەس نان و پیاز بە جیاوازییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەخوات."
 
سەبارەت بە کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بەردەستبوونی، سەعدی پیرە گوتی، "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو لایانانەی لەناو دامەزراوە شەرعییەکانن و یاسای هەڵبژاردن رێگەی پێداون، پێویستە ئامانجی ئێمەبن بۆ کۆبوونەوە. ئەگەر پێشتر هەڵە تێگەیشتنێک و جیاوازییەکیش هەبووبێت، ئامانج و سیستەمی ئێمە فرە حیزبییە لە سیستەمێکی پەرلەمانی، ئەویش ئەوەیە هەر حیزبێک بەرنامەی خۆی هەیە و کاردەکات لەپێناو گەیاندنی پەیامی خۆی بە هاووڵاتی و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین دەسەڵات، بۆیە ئێمە ئەو لایەنانەین کە رکابەری یەکترین، بەڵام دوژمنی یەکتر نین، بۆیە دانیشتن بۆ نەهێشتنی جیاوازییەکان و نزیکبوونەوەیە لەیەکتر." 
 
تایبەت بە پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی روونیکردەوە، "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باشە، ئێمە لە سیستمێکی پەرلەمانیی فرەحیزبیدا دەژین، پارتی کار بۆ پارتی دەکات و یەکێتی بۆ یەکێتی، بۆیە ئەگەر جیاوازییەکمان هەبێت جیاوازییەکە لە ئەنجامی ئەو مونافەسەیە کە هەیە، ئێمە لە یەک پەرلەمانین، لەیەک حکومەتین، لە بەغدا، لێرە، هەروەها لەیەک بەرەداین لەکاتی بەگژداچوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین هەموو ئەو دەنگە نەشازانەی ئاوازی دوژمنکاری لێدەدەن بێدەنگ بکرێن، چونکە ئێمە دوژمنی یەکتری نین، ئێمە مونافسی یەکترین و ئەو مونافەسەیەش لە رابردوو هەبووە، ئێستا هەیە و لەداهاتووش دەمێنێت."
 
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، لەبارەی تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیەوە، رایگەیاند، "ئەمڕۆ سێیەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی کرا، لەو کۆبوونەوە ئەو لیژنەیەی دیاریکرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەڵبەندەکان شێوەی چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخەی کە هەیە، بە تایبەتی کە ئێمە بەرەو دوو هەڵبژاردن دەڕۆین، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوو، بەشێکی گفتوگۆی لەبارەوە کرا و تەوابوو، بەشێکی دیکەی بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو تەواو دەکرێت، بە تایبەتی هەندێک لەو کەسانەی دەبنە بەرپرسی مەڵبەندەکان دەبێت قسەیان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە بەنیازی گۆڕانکاریی گەورەین، بەنیازی چڕکردنەوەی ئیشوکاری سیاسین، دەبێت ئەو بارودۆخەی پێشتر بەشێوەیەکی باش رێکنەخرابوو، پێداچوونەوەی باشی پێدابکەین و لیژنەکە لەگەڵ مەکتەبی رێکخستن بەردەوام دەبێت."
 
گوتیشی، "لە داهاتوویەکی نزیک کۆنفرانسێک دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە پەیکەری رێکخستنەکان و ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بە مەکتەبی رێکخستنەوە هەیە بۆ هەر شوێنێک کە پێویست بکات ئۆرگان و مەڵبەندی تایبەت بکاتەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ بازنەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بگونجێت، چونکە ئەم سەردەمە سەردەمی هەڵبژاردنە، بۆیە دەبێت رێکخستنەوەی مەڵبەندەکان و بازنەی کاری مەڵبەندەکان لەگەڵ بازنەکانی هەڵبژاردنەکان بگونجێندرێن."
 
ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیدا، ستران عەبدولڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی بە لێپرسراوی سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەڵبژارد و هەریەک لە لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، بە لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و هۆشیاری هەڵبژێردران، هەردوو بۆردەکەش سەر بە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیارین.
 
رۆژی 27-09-2023، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 1ـی ئەم مانگەش پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسند کرا. چەند رۆژێک دواتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەڵبژارد، کە بەشێکیان نوێن، بەشەکەی دیکە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکە بوون.
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 15-10-2023 دووەم کۆبوونەوەی دوای کۆنگرەی پێنجەمی کرد، لە کۆبوونەوەکە 12 کەسی بۆ بەرپرسی مەکتەبەکانی ئەو حیزبە دیاریکرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاوەکو دوای سەری ساڵ مامەڵەکانی هاونیشتمانییان رادەگیرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە مامەڵەکانی هاووڵاتییان رادەگرێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.