مامۆستایانی گرێبەست مووچەی سەردەمی وانەبێژی وەردەگرن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی وانەبێژیی مامۆستایان بۆ مانگەکانی 7 و 8 کە ئێستا کراون بە گرێبەست، بەتەواوی خەرج نەکراوە.  نوێنەرێکیان دەڵێت، بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دراوە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ (دووشەممە، 23-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی رابردوو مامۆستایانمان لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری شایستەی دارایی مانگەکانی 7 و 8یان وەکو وانەبێژ وەرگرتووە و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی راپەڕین ماون".
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست گوتی، وەزارەتی دارایی ئاگاداری کردوونەتەوە کە بڕیاری خەرجکردنی پارەی کاتی وانەبێژیی مانگەکانی 7 و 8 بۆ تەواوی مامۆستایان دراوە، ئەو پەروەردانەی پارەکەیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ دەتوانن پارە وەربگرن.
 
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە.
 
وانەبێژانی پێشوو بڕیار بوو لە 01-09-2024 وەکو مامۆستای گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچە وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا مووچەی مانگی 9 یان وەرگرتووە و مووچەی مانگی 10 یان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەرنەگرت.
 
لەبارەی مووچەی مانگی 10ـەوە کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، وەزارەتی دارایی دڵنیایی پێداون، لە رۆژانی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی 10ـیان وەکو گرێبەست بۆ خەرج دەکرێت.
 
ئێستا بەشێکی مامۆستایان لە پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە کە زۆرینەیان گرێبەستەکانن. کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "نەوەکو شایستەی سەردەمی وانەبێژی، بە مووچەی مانگی 10ـش ناگەڕێینەوە قوتابخانەکان تاوەکو مووچەی مانگی 11 وەرنەگرین." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە