مەسرور بارزانی: کارمەندانی پۆلیس دەبێت رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن

19-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە ئاهەنگی خولێکی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەرکیان دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری و نەهێشتنی تاوان و رووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە. دەشڵێت، "کارمەندانی پۆلیس دەبێت نموونەیەکی جوان و گەشی دەسەڵات بن." 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، لە گوتارێکدا لە ئاهەنگی خولی "شەهیدی سەربەست"ـی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر، تایبەت بە هەڵکوتانەسەر و گەمارۆدان و ئازادکردنی بارمتە بەڕێوەچوو، دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کارمەندانی پۆلیس کرد و رایگەیاند، "من خۆم لە نزیکەوە شاهێد و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆم کە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "کارمەندانی پۆلیس، کە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەریی یاسا دەکەن، دەبێت نموونەیەکی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا گوتیشی، "پۆلیس و هێزەکانی تری ئاسایشی ناوخۆ، نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک و نەرمییەک بنوێنن لە بەرامبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان تێک بدەن و ژیانی هاووڵاتیيان بخەنە مەترسییەوە."
 
"ئەمڕۆ جیهان لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنەلۆجیادایە"، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمەی گوت و راشیگەیاند، "پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان، خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان رابهێنن و لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرن."
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: 
 
پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گشت دەرچووانی ئەم خولە دەکەم. هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردن و پێشخستنی تواناکانی کارمەندانی پۆلیس.
 
رێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە و دەستخۆشيیان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزیی و کارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. من خۆم لە نزیکەوە شاهید و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆم کە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن.
 
بەشێکی گرنگی ئەرکی کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و رووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و رێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن و چۆن سەرپێچیکاران و تاوانبارانيش ملکەچی بەردەم دادگا دەکەن .
 
هەروەها کارمەندانی پۆلیس، کە نوێنەرایەتی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەری یاسا دەکەن، دەبێ نموونەیەکی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان، بەتایبەتی کە ئێوە ڕۆژانە لە نزیکەوە پەیوەندی راستەوخۆتان لەگەڵ خەڵکدا هەیە، پێویستە لە رەفتارکردن لەگەڵ خەڵک، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم کردن و هەموو کارێکی نایاسایی بەدوور بگرن، هاونیشتمانیيان دەبێ ئێوە بە بەشێک لە خۆیان بزانن و هەردوولا تەواوکەری یەکتر بن لەپێناو ئامانجێکی هاوبەش، کە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییانە.
 
خۆشبەختانە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە کە بووەتە دەستکەوت و سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوکاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندوتۆڵەی نێوان خەڵکی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە.
 
پۆلیس و هێزەکانی تری ئاسایشی ناوخۆ، نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک و نەرمییەک بنوێنن لە بەرانبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان تێک بدەن و ژیانی هاووڵاتیيان بخەنە مەترسییەوە.
 
ئەمڕۆ جیهان لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان، خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان رابهێنن و لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرن کە بە دڵنیاییەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ دەکات و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن.
 
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەکانی مەشقکردن و راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ، کارێکی پێویست و گرنگە و هيوادارم لەسەری بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە، ئەرکەکانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیری بپارێزن.
 
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی دەرچوونتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم و دڵنیام بە پشتیوانی خوای گەورە و هیممەت و دڵسۆزی و کارامەیی ئێوە، کوردستانمان هەمیشە پارێزراو دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو گەریلای پەکەکە

راپرسییەک: 75.1%ی خەڵک پێیانوایە پەکەکە دەستبەرداری چەک نابێت

کۆمپانیای ئاسال ASAL، بۆ توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کردووە و دوو پرسیار لەبارەی پەکەکە کردووە، بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە 75.1%ی بەشداربووان پێیانوایە پەکەکە دەستبەرداری چەک نابێت