رووداو دیجیتاڵ
سەروین دەروێش، هاونیشتمانییەکی هەولێرە و بە کامێرای مۆبایلەکەی وێنەی پیسبوونی ماڵەکەی بە دووکەڵ و رەشی تۆمارکردووە، خۆی تووشبووی شێرپەنجەیە و ئێستا دۆخی تەندروستی بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام داد و بێدادیەتی بەدەست دووکەڵ و رەشی کە لەنێو ماڵەکەیدا وەک باران دەبارێت.
سەروین دەروێش گوتی: "لە ئێوارانەوە بۆن گازێکی زۆر دێت، بە رۆژ نییە، بەڵام ئێواران دەستپێدەکات.. خەومان نییە و موبەریدەیەکم کڕیوە لە ژوورەوە کاری پێدەکەم تاوەکو موبەریدەی دیکە کارپێنەکەم و هەوای دەرەوە نەیەتە ژوورەوە.. بۆنەکە هەراسانی کردووین و خەومان نییە بەشەو".
گوتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە دیاردەیەکی نوێ لە هەولێر پەیدابووە، ئەویش بە شەو سووتانی تایەی ئۆتۆمبێلە بۆ دەرهێنانی ئەو سیمەی کە تێیدایە ئەمە سەرباری دووکەڵی موەلیدە و ئۆتۆمبێل و کارگەکان.
رەزاق عەزیز خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەندێک خەڵک فێربوون تایە دەسووتێنن بۆ دەرهێنانی ئەو تەلەی کە لەناویەتی، جا ئەوە بەرۆژ ناتوانن چونکە دامودەزگاکانی حکومەت دەیانبینن و لەوانەیە بچنە سەریان، بەڵام لەوانەیە بە شەو ئەو تیمانە وەک پێویست نەبن."
بەشێکی هۆکاری پیسبووی هەوای شاری هەولێر، دووکەڵی کارگەکان و پاڵاوگە نایاساییەکانی جیاکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، "تیمەکانمان و تیمی چاودێری ژینگە بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و هەر کارگەیەک ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ژینگەی هەولێر پیس بکات لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کە لە تیممارتە ئێستا پلانەکە دەستیپێکردووە و زەوییەکان دابەشکراوە ئەو کارگانەی کە داوای مۆڵەتیان کردووە مۆڵەتیان پێدراوە و شوێنیان بۆ دیاریکراوە، تەنیا ئەوە ماوە خزمەتگوزاری بۆ دابینبکرێت."
بەشی زۆری پاڵاوگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر پاڵاوگەی نایاسایین، بۆ دیارنەبوونی دووکەڵی رەشیان، لەگەڵ تاریکایی شەو پاڵاوگەکان دەست بە سووتانی بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن کە وەک دەستەی چاککردنی ژینگە دەڵێت، ئەو پاڵاوگانە هۆکاری راستەوخۆ و بەردەوامی پیسکردنی هەوای شاری هەولێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ