رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، هاوپەیمان و ناساز لە یەک هۆڵ کۆبوونەوە. بەیەکەوە لە کۆنفرانسی زانکۆی کوردستان گەنگەشەی یەکڕیزی و دەستووری هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەو هەرێمەی سێ دەیەیە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی، بەڵام بەبێ دەستوور.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لووتکەی هەرەمی هەوڵەکانە بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دەستوور زامنی مانەوەمانە، یەکڕیزیش زامنی دەستوورە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە "کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان یەکڕیزی و دەستوور"، رایگەیاند "دەستوورمان بۆ ئەوەیە کە ئێمە سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان رێکبخەین، دەستوورمان بۆ ئەوەیە لەم وڵاتەدا یاسا سەروەربێت و هەموو پێکهاتەکان هەست بە ئارامی و ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەکانیان بکەن، ئامانجی نووسینەوەی دەستوور ئەوەیە بابەتی هاووڵاتیبوون بپارێزێت کە گرینگترین ئامانجی نووسینەوەی دەستوورە".
پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، راستەوخۆ تێبینییەکانی خۆیان لەسەر بەربەستەکانی نووسینەوەی دەستوور بەگوێی یەکدیدا دا.
سێ لایەنە سەرەکییەکەی پێکهێنەری حکومەت، سەرەڕای تێبینیی جیاوازیان، پاڵپشتیی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن بۆ نووسینەوەی دەستوور، کۆکیشن لەم خوولەی پەرلەماندا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور.
عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد "بە تەئکید دەبێت لەم خوولەدا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، ناکۆکیی نێوان لایەنەکان رێگرە بۆ نووسینەوەی دەستوور، من باسمکردووە ساڵی 2015 بۆ 2017 خەریکبوو دەستوور بنووسرێت، ناکۆکی کەوتە نێوان پارتی و گۆڕان و کارەکە دواخرا".
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "سەروەرییەکی گەورەیە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بۆ حیزبەکان و خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لەم خوولەدا پرۆژەی دەستوور بنووسنەوە".
لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەشداریی هەر هەوڵێکن بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور، بەڵام مەرجیشیان هەیە.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەی خستەڕوو "هیچ کەس نکۆڵی لەوە ناکات پێویستیمان بە دەستوورە، بەڵام دەستوور گوزارشت بێت لە واقیعی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە زەمینەسازییە، بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک، چەسپاندنی دادگەری و تەبایی سیاسی".
خەلیل ئیبراهیم، کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە "دەبێت سیاسییەن ئەو خاڵانەی ناکۆکیی سیاسییان لەسەرە، دەستنیشان بکرێن، لیژنەیەک یان ئەنجوومەنێک پێکبهێندرێت، گفتوگۆ و دیالۆگێکی نیشتمانیی لەسەر بکرێت".
لەدوای پەسندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، چەندین هەوڵ هەبوون بۆ نووسینی دەستووری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2009 پرۆژەی دەستوور لە پەرلەمان پەسندیش کرا، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی گەڕێندرایەوە پەرلەمان، لە خوولی رابردووی پەرلەمانیش لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە جارێکی دیکە لە کۆی زیاتر لە 120 ماددەی دەستوور، 74 ماددەی نووسرایەوە، بەڵام ئەوکاتیش بەهۆی ناکۆکیی سیاسی پرۆژەکە تەواونەکرا.
لەم خوولەی پەرلەماندا دەستەی سەرۆکایەتی، فراکسیۆنەکانی ئاگادارکردبوەوە کە تاوەکو 15-05-2021 لەگەڵ حیزبەکانیان خۆیان یەکلایی بکەنەوە، بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبووە، بۆیە بۆ جارێکی دیکە ئەو داواکارییە ئاراستەی فراکسیۆنەکان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ