رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پێشمەرگە دەڵێن، مامەڵەی خانەنشینیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "تاوەکو دۆسییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان و فەرمانیان بۆ دەردەکرێت پێویستی بە کات دەبێت."
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەو پێشمەرگەیانەی مامەڵەی خانەنشینییان کردووە، بەگوێرەی یاسای یاسای راژه و خانهنشینی پێشمهرگه ژمارەی 38ی ساڵی 2007، دەبێت و مەرجەکان دەیانگرێتەوە و خانەنشین دەبن یان خۆیان خانەنشین دەکەن، دواتر لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە فەرمانی خانەنشین بوونیان بۆ دەردەکرێت و دۆسییەکانیان دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان و دەخرێنە سەر وەزارەتی دارایی.
ئاماژەی بەوەش کرد: لەکاتی راییکردنی مامەڵەکان و دەرکردنی فەرمانی خانەنشینی و گواستنەوەی دۆسییەکانیان هەندێک جار کاتی پێدەچێت، بەڵام مووچە و مافەکانیان نافەوتێت و لەکاتی تەواوبوونی مامەڵەکانیان هەموو مافەکانیان وەردەگرنەوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، هەرچەند لە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە تایبەت بوو بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بڕیارە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بکرێتەوە بۆ خانەنشینی سەربازی، بەڵام هێشتا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێکنەهێنراوە، بە پێکهێنانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە وادەکات مامەڵە کارگێڕییەکانی تایبەت بە خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ بەزوویی راییبکرێت.
لیوا روکن بەختیار محەممەد گوتیشی، "هەموو ئەو پێشمەرگانەی مامەڵەی خانەنشین بوونیان کردووە، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی خانەنشین بوون ناوەکانیان دەگەڕێتەوە و هەر پێشمەرگەیەکیش کێشەیەکی هەبێت لەو رووەوە دەتوانێت لە یەکە سەربازییەکەی خۆیان یان بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە خانەنشینی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچوون بۆ گرفتەکانیان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ