رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، دوو کرێکار کەوتنە خوارەوە و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا. سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لە کرێکارەکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەوی دیکەش خەڵکی هەولێرە."
رۆژی یەکشەممە 19-2-2023، یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دوو کرێکار کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەوی دیکەش خەڵکی هەولێرە.
ئەو گەنجەی خەڵکی هەولێر بوو، ناوی عەبدولباست ئیبراهیم بووە، لە دایکبووی ساڵی 1999 بوو. هەروەها ساڵی رابردوو بەشی شیکاریی نەخۆشییەکانی لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییەکان تەواو کردووە.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران دەشڵێت: "بەهۆی نەبوونی سەلامەتی لە شوێنی کارکردن ئەو جۆرە رووداوانە بەردەوام روودەدەن. ئێمە داوا لە خاوەن پڕۆژەکان و حکومەت دەکەین گرنگییەکی زیاتر بە سەلامەتی پیشەیی بدەن."
وەک یوسف کەریم دەڵێت: "رووداوەکە نوێیە و سبەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کار لیژنەیەک پێکدەهێنین و سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەین بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر."
بە گوتەی یوسف کەریم، ئەگەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دوو کرێکارە کەمتەرخەمی کۆمپانیا بووبێت، ئەوە سکاڵایی یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن و دەشڵێت: "جیاوازی لە نێوان کرێکاری نێوخۆیی و دەرەکی ناکەین، هەموویان وەک یەک مافیان پارێزراوە."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە. بەگوتەی یوسف کەریم، ئەو ژمارەیە "زۆرە"، چونکە بە درێژایی 2022 تەنیا شەش کرێکار گیانیان لەدەستدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ