وەزارەتی دارایی داوا دەکات پێش 20ی هەموو مانگێک لیستی مووچە ئامادەبکرێت

18-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو-هەولێر 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانەوە دەکات پێش 20ی هەموو مانگێک لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ گەنجینەکان بنێرن و لە ئەگەری دواکەوتنی ناردنی، ئەوا مووچەی ئەو فەرمانگە و وەزارەتانە دوا دەکەوێت؛ بەڕێوەبەری گەنجینەی پارێزگای هەڵەبجەش دەڵێت: "بڕیارەکە ئاسانکاریی زۆرمان بۆ دەکات."
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە 16ـی ئابی 2022 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەرچووە، وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانەوە دەکات لەبارەی مووچەوە رەچاوی خاڵێک بکەن بۆ ئەوەی مووچەکانیان دوانەکەوێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "تکایە ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەکان بکەنەوە بە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ گەنجینەی پەیوەندیدار پێش 20ی هەموو مانگێک؛ هەر فەرمانگەیەک پابەندنەبێت لە ماوەی دیاریکراو، رۆژی دابەشکردنی مووچەی دوا دەکەوێت".
 
نووسراوەکە گشتاندنی بۆ کراوە بۆ "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، دیوانی چاودێریی دارایی، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دەستەی دەستپاکی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەرێم، هەولێر، سلێمانی 1، سلێمانی 2، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، راپەڕین، ئاکرێ، زاخۆ، کۆیە، چەمچەماڵ، ئامێدی، جوڵەی دراو، دۆسیەی سوڕاو."
 
شادمان ئازاد، بەڕێوەبەری گەنجینەی پارێزگای هەڵەبجە رۆژی 18ـی ئابی 2022، دوای پشتڕاستکردنەوەی نووسراوەکە و گەیشتنی بە ئەوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوە لەسەر داواکاریی گەنجینەکان کراوە، چونکە پێشتر بەشێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان لیستی مووچەیان درەنگ دەگەیاندە گەنجینەکان."
 
شادمان ئازاد گوتی: "ئێستا ئەو نووسراوە ئاسانکارییەکی باش دەکات بۆ گەنجینەکان بۆئەوەی باشتر فریابکەون و وردبینی لە لیستی مووچەکان بکەن."
 
لە خستنەڕووی ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە کە مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ تەرخانکردنى مووچەی مووچەخۆران.
 
لەو راگەیێندراوەدا ئەوە خراوەتەڕوو: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتى هەرێمی کوردستان بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانکردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاگهیر - رووداو

هەفتەى داهاتوو کۆمیسیۆن ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەفتەى داهاتوو ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات و لە ماوەى 10 رۆژ دواى ئەوە لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت.