پارێزەرێک: بەهۆی نەمانی ماددەی پشكنینی DNA، دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە وەستاوە

18-08-2022
دانا عومەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نەمانی ماددەی پشكنینی DNA لە هەرێمی کوردستان، چوار ساڵە دۆسیەی پێنج منداڵی ونبووی هەڵەبجە لە دادگە ماونەتەوە، پارێزەری منداڵە ونبووەکانیش دەڵێت، یەکێک لە منداڵە ونبووەکان کۆچی دواییکرد ‌و لە سەرەمەرگیشدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنجامی پشکنینەکەی بوو.
 
ماوەی چوار ساڵە بە نووسراوی دادگەی هەڵەبجە، نموونەی خوێنی پێنج منداڵی ونبووی هەڵەبجە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوانی هەولێر کراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA هێشتا ئەنجامەکەی نەگەڕاوەتەوە. 
 
باخان فەتاح، پارێزەری منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، لە بووڵتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات گوتی: لە ساڵی 2018 و ساڵانی دوایی نموونەی خوێنی پێنج منداڵی ونبووی هەڵەبجە، نێردراوە بۆ پشکنینی DNA لە هەولێر، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بە نووسراوی فەرمی وەڵامی دادگەی هەڵەبجەی داوەتەوە و گوتوویانە هیچ ماددەیەکی پشکنینی DNA لە هەرێمی کوردستان نەماوە و نازانین کەی دابین دەکرێت.
 
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا کەیسی هەشت منداڵی ونبووی هەڵەبجە یەکلایی کرایەوە و درایەوە خێزانەکانیان، بەڵام لە پشکنینی دووەمدا ئەنجامەکانی چوار کەسیان هاوتا نەبوون لەگەڵ ئەنجامی یەکەم و بەهۆیەو دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیان لە دادگە کرا، لەدوای ئەو رووداوەوە دادگە بڕیاریدا تەنیا کار بە پشکنینی فەرمی تاقیگەکانی حکومەت بکرێت.
 
باخان فەتاح دەڵێت، بەشێک لە خێزانەکان ئارام ناگرن تاوەکو پشکنینی حکومەت دێتەوە و خۆیان لە تاقیگە تایبەتەکان پشکنین دەکەن، بەڵام ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکەیان هاوتاش بێت دادگە بڕیار نادات منداڵەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ خێزانەکانیان و منداڵە ونبووەکەش نابێتە خاوەنی ناسنامە، ئەوەش گرفتێکی گەورەی دروستکردووە و خێزانەکان پرسیاری ئەوە دەکەن چۆن دەکرێت لە تاقیگە تایبەتەکان ماددەی پشکنینی DNA ی هەبێت، بەڵام لە تاقیگەکانی حکومەت دەستنەکەوێت.
 
دوو کەس لەو پێنج منداڵە ونبووەی هەڵەبجە کە پشکنینەکانیان نێردراون بۆ تاقیگەی بەڵگەی تاوان لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و بەبێ ناسنامە چاوەڕوانی گەڕانەوەی پشکنینەکانیانن، دوو کەسیشیان گەڕاونەتەوە ئێران.
 
لەبارەی چارەنووسی منداڵی پێنجەمەوە، باخان فەتاح گوتی: ناوی ماردین بوو، ساڵی رابردوو کۆچی دواییکرد، لە سەرەمەرگیشدا بە حەسرەتی گەڕانەوەی ئەنجامی پشکنینەکەی بوو، دەیویست پێش ئەوەی گیانلەدەست بدات، دڵنیابێتەوە خێزانەکەی کێیە.
 
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان، چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەوە، بەڵام هێشتا 75 خێزانی هەڵەبجەیی بەدوای 118 منداڵی ونبوودا دەگەڕێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە