باخچە و بلوارەکانی سلێمانی مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە

18-07-2022
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
بەڕێوەبەرایەتیى باخچەکانى سلێمانیی هۆشداریی لە وشکبوونی باخچەکان دەدات
بەڕێوەبەرایەتیى باخچەکانى سلێمانیی هۆشداریی لە وشکبوونی باخچەکان دەدات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باخچە و بلوارەکانی سلێمانی مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە، گرێبەستی ئەو کۆمپانیایەی کە کارى بەڕێوەبردنى هەردوو بلوارى تاسلوجە و مەلیک مەحموود و پارکى هەوارى شار بەڕێوە دەبات تەواوبووە و هێشتا نیوەی شایستە داراییەکانیان لە حکومەت وەرنەگرتووە و هەڕەشەی مانگرتنیش دەکات. 
 
بەڕێوەبەرایەتیى باخچەکانى سلێمانیی هۆشداریی لە وشکبوونی باخچەکان دەدات و دەڵێت، وا بڕوات ئەم هاوینە زۆرینەى باخچە و پارکەکانى شار وشک دەبن. ئەوان دەڵێن هۆکارەکە تەواوبوونى گرێبەستى ئەو کۆمپانیایەیە کە کارى بەڕێوەبردنى هەردوو بلوارى تاسلوجە و مەلیک مەحموود و پارکى هەوارى شار دەکات.
 
بەهرۆز سالار، سەرپەرشتیارى باخچەکانى سلێمانى دەڵێت، "گرفتى گەورەى ئێمە ئەوەیە کە پێش جەژن کۆمپانیاکانى ئاودان و بەڕێوەبردن بەهۆى خەرجنەکردنى پارەوە مانیان گرت، دواتر بە هەوڵى سەرۆکى شارەوانى، بەردەوام بوون تا دواى جەژن، ئەوان ئەگەر کار بوەستێنن، مەترسى لەسەر سەوزاییەکانمان دروست دەبێت، چونکە ئێمە نزیکەى نیوەى ئاودان و بەڕێوەبردنمان لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوەیە".
 
هاوینى رابردوو، رووداو بەدواداچوونى کرد بۆ مەترسیى وشکبوونى باخچە و پارکەکانى سلێمانى، چەند رۆژ دواتر مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە خەرجکردنى نزیکەى 3 ملیار دینار بۆ کاروبارى و سەوزاییەکانى سلێمانى، وا ساڵێک بەسەریدا تێپەڕى و کۆمپانیاى جێبەجێکار لە 80%ـی کارەکانى تەواو کرد، مانگى 9 وادەى گرێبەستەکەى کۆتایی دێت و هێشتا نیوە زیاترى پارەکانى وەرنەگرتووە.
 
دانا ئەحمەد، سەرپەرشتیارى پارکى مەلیک مەحموود دەڵێت، ئەو ئاوەى کە بۆیان دەچێت پاک نییە، بەڵام ناچارن بەردەوام بن لە ئاودێران، چونکە دارەکان وشک دەبن.
 
پارکى هەوارى شار بە 400 دۆنم زەوى و هەزاران درەختەوە بەهۆى مانگرتنى کۆمپانیاى جێبەجێکار، لە وشکبوون و لەناوچوون نزیک بووەتەوە، بە تایبەت کە مانگى داهاتوو وادەى ئەویش کۆتایی دێت و هێشتا مانگێک زیاترى دیکەیان پێویستە بۆ ئاودێرى و بەڕێوەبردن، هەموو ئەمانە بەستراونەتەوە بە بەڵێنى وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان کە پێش جەژنى قوربان بەڵێنى پێدابوون دواى جەژن پارەکانیان بۆ خەرج بکات و بەردەوام بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە