بڕینەوەی دارێکی تەمەن 100 ساڵ لە سلێمانی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە؛ "هەنگوینی تێدابووە"

18-05-2023
هۆرڤان رەفعەت
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە چیای داریکەلی لە باشووری شاری سلێمانی، دارێک بڕدراوەتەوە کە پۆلیسی دارستان دەڵێت، تەمەنی سەروو 100 ساڵ بووە و بەهۆی ئەوەی هەنگوینی تێدا بووە، چەند کەسێک دارەکەیان بڕیوەتەوە.
 
موقەدەم فەرهاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستانی بازیان بە رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممە تیمەکانی پۆلس لەلایەن گرووپێکی شاخەوانییەوە لەم رووداوە ئاگادارکراونەتەوە، کە تیمەکانمان گەیشتوون بینیویانە دارەکە بڕاوە و سووتێنراوە، دارەکە تەمەنی زۆر بووە و ناوەکەی بۆش بووە، بۆیە هەنگی تێدابووە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێمە کردوومانە ئەو کەسانە بەمەبەستی دەرهێنانی هەنگوین دارەکەیان سووتاندووە و بڕیویانە."
 
پۆلیس بەدوای تۆمەتبارانی بڕینەوەی دارەکەدا دەگەڕێت و لێکۆڵینەوەشیان دەستێپێکردووە. تەنیا لە مانگی ئایاردا، پۆلیسی سلێمانی 11 کەسی بە تۆمەتی بڕینەوەی داری دارستانەکان دەستگیر کردووە.
 
عەمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە و تاوانبارەکان دەستگیر دەکەین، هەر کەسێکیش دەستگیر بکرێت بە تاوانی بڕینەوەی داری تەمەن 100 بۆ 150 ساڵ، بڕی 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و سزای زیندانیشی هەیە." 
 
ژینگەپارێزانیش دەڵێن، ئەو تاوانە بەرامبەر مرۆڤایەتی و ژینگە ئەنجامدراوە، بۆیە داوای بەزوویی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دەکەن.
 
مەعرووف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ ژینگەپارێزی بە رووداوی گوت، "ئێستا ساڵانە هەڵمەتی هەزاری و ملیۆنی چاندنی نەمام بەڕێوەدەچێت، بەڵام تەماشاش دەکەیت هیچ سوودی نییە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبوونی ئاو، بۆ چاندنی دارێک دەیان ساڵی دەوێت تا گەورە ببێت، بە نموونە ئەو دارەی داریکەلی زیاتر لە 100 ساڵی ویستووە تاوەکو ئەوەندە گەورە بووە." 
 
لە تەنیشت دارەکەی داریکەلی گۆڕی سەید محەممەد، پیاوچاکی ناوچەکە هەیە کە پێشتر خەڵکی بۆ نزا و حاسڵبوونی مرازەکانیان لەژێر سێبەری ئەو دارەدا سەردانی گۆڕەکەیان دەکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

کرێکارێک لە باڵەخانەیەکی سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کرێکارەکە تەمەنی 16 ساڵ و سووریایی بووە. هاووڵاتی لەو تەمەنەدا نابێت کرێکاری لە باڵەخانەدا بکات."