رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەولێر وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر رووبەری 590 دۆنم زەوی دادەنرێت، کە توانای بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات کارەبای هەیە و گوژمەی پڕۆژەکەش 100 ملیۆن دۆلارە.
رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆر راگەیاند و، دەڵێت "توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پانێڵ لەخۆدەگرێت و دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
ئەو وێستگەیە دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. گوژمەی پڕۆژەکەی 100 ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەری 590 دۆنم زەوی لەماوەی ساڵێکدا دروست دەکرێت. وەزارەتی کارەبا دەڵێت "وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە."
لە هەرێمی کوردستان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر هەن، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ