رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە ئاوارەکانی عێراق لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ناوەکانیان لە سەرژمێری تۆمارکرا و بەشێکیشیان گەڕانەوە زێدی خۆیان. ئەمانە وێنەی کەمپی بەحرکەن لە هەولێر، بژمێرەکان خەریکن ناوەکانیان تۆمار دەکەن.
لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت، بژمێرێک ناوی خێزانێک تۆمار دەکات کە چەند منداڵێکی بچووکیان هەیە و بەدیار تابلێتی بژمێرەکەوە دانیشتوون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئێستا 214 هەزار و 990 خێزان، ئاوارە و پەنابەری نێوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستانن، کە 134 هەزار و 282 خێزان وەکو ئاوارەی نێوخۆ و 80 هەزار و 708 خێزانیان وەکو پەنابەر تۆمار کراون.
ئاوارەکان لە 22 کەمپ لە هەولێر و دهۆک جێیان کراوەتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئاوارە نێوخۆییەکان بە خەڵکی کوێ تۆمار دەکرێن؟ گوهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێری کوردستان بە رووداوی گوت، "هەر کەسێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتبێتە هەرێمی کوردستان و نیشتەجێ بووبێت، لە فۆڕمی سەرژمێریدا ئاماژە بەوە دەکرێت، لە بنەڕەتدا لە پارێزگایەکی دیکە ژیاوە و لەدایکبووە".