پارێزگاری کەرکووک: توانیمان 100٪ـی کارەکانی سەرژمێری تەواو بکەین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: رێژەی سەرژمێری خێزانەکان 100٪ و رێژەی سەرژمێری تاک 99.79٪ تەواوکراوە و قەدەخەی هاتووچۆی نێو شاریش هەڵدەگیرێت.
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، درەنگانی شەوی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەو زانیارییانەی راگەیاند.
 
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "سەرکەوتنی ئەم سەرژمێرییە لە کاتێکدایە، کە گرەوی زۆری لەسەر کرابوو نەکرێت"، سوپاسی هاووڵاتییانی کرد، "هۆکار بوون بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە". هەروەها سوپاسی سەرجەم دامودەزگا و راگەیاندنەکانیشی کرد.
 
رێبوار تەها لەبارەی بەردەوامبوونی قەدەخەی هاتووچۆوە، گوتی، "لە کەرکووک قەدەخەی هاتووچۆ لەدوای 12ـی ئەمشەو لەنێو شار نامێنێت، بەڵام بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەو پێیەی لە هەندێک پارێزگا هێشتا پرۆسەکە تەواو نەبووە؛ بۆیە قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا تاوەکو سبەی شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێمە کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکەین ئەگەر حاڵەتێکی تایبەتیان هەبێت و بیانەوێت لە شار بچنە دەرەوە".
 
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت هاووڵاتیان ئەوەیان لە بیر نەچێت، لە 22ـی مانگەوە تاوەکو 10ـی 12ـی ئەم ساڵ تیمەکانی سەرژمێری جارێکی دیکە سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە و کۆمەڵێک پرسیاریان لێدەکەنەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەگەر هەمووشیان ئامادە نەبن، کۆپییەکی بەڵگەنامەکانیان لەماڵەوە بەجێبهێڵن".
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەمی 2024 بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە.
 
دوێنێ 20ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناخی سێیەمی پڕۆسەکە دەستیپێکرد؛ ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزانە و قەدەخەی هاتووچۆش کۆتایی دێت. دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و 77 پرسیاری تێدایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە