رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر پەسند کرد.
بەپێی نووسراوی ژمارە (1257) کە رۆژی چوارشەممە 18-05-2022 بڵاوکراوەتەوە و واژۆێ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، تێیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پارچە زەوییەکانی 8ی حەسارۆک، پێشنیازەکانی وەزارەتی شارەوانیان پەسند کردووە."
هەر لە نووسراوەکە داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بەزووترین کات کاری پێویست بکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک.
رۆژی 12-05-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاندبوو، "پلانێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانی 8ی حەسارۆک و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەو بارەوە موژدەیان دەبێت."
پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە، ئەو زەویانە لە خاوەنەکانیان وەربگیرێتەوە و گوتی: "زۆرجار ئەو دڵەڕاوکێیە لای خاوەن ئەو زەوییانەی دروستکراوە گوایە ئەو زەوییانەیان لێ وەردەگیرێتەوە، بە هیچ جۆرێک زەوی لە کەس وەرناگیرێتەوە، بابەتی رێگەپێدان و گەیاندنی خزمەتگوزاری لە ئایندەیەکی زۆر نزیک دوای ئەوەندە ساڵە چاوەڕوانییە با ئەو چەند کاژێر و رۆژە چاوەڕوان بکەین، کارەکان لە کۆتاییدان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی ئەو بابەتە دەکات و چاودێری دەکات".
بە گوتەی ئومێد خۆشناو لە ئایندەیەکی نزیکدا هەم پرۆسەی خزمەتگوزاری دەستپێدەکات هەم ئاوەدانکردنەوە و رێگەپێدانی ئەو زەویانە دەستپێدەکات.
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبن، لە بەشی خۆرهەڵاتی هەولێر و لە نزیك رێگای كەسنەزانە، ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ دابننەکراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022 رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک لەهەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ