دوای بەرنامەیەکی رووداو جگەرەی ئەلیکترۆنی له‌ دهۆك قەدەخە دەکرێت

18-01-2023
ناسر عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی "بە کاتی دهۆک"، داواکاری گشتیی دهۆک داوای قەدەخەکردنی بەکارهێنان، هێنان و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکات. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، داواکاری گشتیی دهۆک داوای لە لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ کردووە کە هەرکەس سەرپێچی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات، سزا بدرێت.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە داواکاری گشتیی دهۆکەوە وەری گرتوون، دوای بەدواداچوونی رووداو و هەبوونی زانیاری لەسەر زیادبوونی بەکارهێنان و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو گەنجاندا، داواکاری گشتیی دهۆک لەگەڵ نوێنەرانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، قایمقامییەتی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک کۆبوونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ پرسەکە کردووە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، داواکاری گشتیی دهۆک لە کۆتایی ساڵی رابردوودا داوای لەو شوێنانە کردووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەفرۆشن کە تاوەکو 31-12-2022 فرۆشتنی ئەو جۆرە جگەرەیە رابگرن، بەڵام دواتر کاتێکی زیاتری پێداون بۆئەوەی تووشی زیان نەبن. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ داواکاری گشتیی دهۆک بە نووسراوێکی فەرمی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنان و هێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە سنووری پارێزگای دهۆک قەدەخە کردووە.

 

 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەنگاوەکەی داواکاری گشتیی دهۆک بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنان و هێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی پشت بە بڕیاری ساڵی 2013ـی وەزارەتی تەندروستی دەبەستێت و لەسەر ئەو بنچینەیەش داوای لە لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ کردووە کە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کڕین و فڕۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای دهۆک قەدەخە بکەن. 
 
رۆژی 9-11-2022 لە بەرنامەیەکی بە کاتی دهۆک کە ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشی دەکات، بەدواداچوونی بۆ مەترسییەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە