رووداو-هەولێر
گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)، کچە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی دەستبەسەرکرا و لە گرتووخانەیەکی شاری تاران چووە کۆماوە، کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. ئەمریکا دەڵێت، گیان لەدەستدانی ئەمینی "مایەی قبووڵکردن نییە".
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ تاران بە تۆمەتی "پابەندنەبوون رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە" لە لایەن یەکەیەکی پۆلیسی ئێران کە بەرپرسن لە چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان کە بە "پۆلیسی رەوشت" ناسراون، دەستبەسەرکرا.
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوول، ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا و میدیا فەرمیی ئێرانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەداخەوە، گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بۆ نووسینگەی پزیشکی داد گوێزراوەتەوە".
پێشتر میدیای ئێران لەسەر زاری خێزانی ژیناوە رایگەیاندبوو، چەند کاژێرێک دوای دەستبەسەرکردنەکەی، ژینا ئەمینی "لە باری کۆمادا" گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
تاوەکو ئێستا روون نییە لە ماوەی نێوان گەیشتنی بە بنکەی پۆلیس و رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە چی روویداوە. ئەو کەسانەش لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکە کردووە، دەڵێن، گورزێک بەر سەری کەوتووە.
بەیانیی رۆژی ئەمڕۆ شەممەش هەزاران کەس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی سەقزدا بەشداربوون.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
کاردانەوەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانە گوماناوییەکەی ژینا ئەمینی تووندن.
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی [ژینا ئەمینیی] 22 ساڵ کە وەکو دەگوترێت لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە لە گرتووخانە لێیدراوە".
سولیڤان دەشڵێت، مردنی ژینا "مایەی لێخۆشبوون نییە" و پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی ئێران درێژ دەکات و دەڵێت، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەوەی لە "بنپێکردنی لەو جۆرەی مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسانی ئێران بە بەرپرس دابنێت".
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International رایگەیاند کە "ئەو هەلومەرجانەی بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانە گوماناوییەکەی مەهسا ئەمینی، لەنێویدا گومانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نابەجێ لە گرتووخانەدا، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت".
رێکخراوەکەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش ئاماژە بەوە دەکات کە "پۆلیسی رەوشت"ـی تاران سێ رۆژ بەر لە گیانلەدەستدانی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی، "ژینایان بەشێوەیەکی دڕندانە" دەستبەسەرکردووە. دەشڵێت، هەموو بەرپرس و ئاژانسەکانی ئێران کە لە مردنەکەی بەرپرسن "دەبێت رووبەڕووی دادگە بکرێنەوە".
سەعید دەهقان کە پارێزەرێکی دیاری ئێرانە لە تویتەر گیانلەدەستدانی ژینا بە "کوشتن" ناودەبات و دەڵێت: "گورزێک" بەر سەری کەوتووە کە بووەتە هۆی شکان لە کەللـەی سەریدا.
حیسام فەرەجیان، چالاکڤان سەقز لەمیانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، گیانلەدەستدانی ژینا بەهۆی ئەوەوە بووە کە گورزێک بەر سەری کەوتووە، نەک تووشی سەکتە بووبێت یان تووشی جەڵتەیەک بووبێت.
پۆلیسی ئێران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە "هیچ بەرکەوتنێکی جەستەیی لەنێوان ژینا و پۆلیسەکاندا نەبووە،" بەڵکو وەکو خۆی دەڵێت، لەدوای گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیس بۆ پێدانی رێنمایی لەبارەی شێوازی جلپۆشین "لەنێو هۆڵەکەدا و لەنێو ژمارەیەک خەڵکی دیکەدا بووراوەتەوە".
رۆژی هەینیش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران داوای لە وەزارەتی نێوخۆ کرد دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی ژینا بکاتەوە.
"حکومەت بەرپرسە"
هادی غایمی، سەرۆکی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەی سەرەکی لە نیویۆرکە، گیانلەدەستدانی ژینا بە "تراژیدیایەک" ناودەبات و دەڵێت: "دەکرا رێگری لێبکرێت".
هادی غایمی پەنجەی تۆمەت بۆ حکومەتی ئێران درێژدەکات و بە بەرپرس لە رووداوەکەی دەزانێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ژینا لە گرتووخانەی حکومەتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە "کوژراوە".
گیانلەدەستدانی ژینا لەکاتێکدایە کە مشتومڕێکی زۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لەبارەی کارەکانی "پۆلیسی رەوشتەوە" هەیە و ئەرکی جێبەجێکردنی یاساکانی دەوڵەت و وەکو خۆیان دەڵێن رێنوێنیکردنی خەڵکە.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا گرتە ڤیدیۆی ژنێک کە لەبەردەم ڤانێکی پۆلیسەکەدا وەستابوو و بۆ ئازادکردنی کچەکەی دەپاڕایەوە، دەنگدانەوەی لە سۆشیاڵ میدیا دروستکرد. ژنەکە، کە سەرپۆشی لەسەربوو، لەدوای جێهێشتنی پۆلیسیش، خۆی بە ڤانەکەوە گرت تاوەکو خێرایی ڤانەکەی پۆلیس زیادیکرد و ژنەکە کەوت.
هەر لە مانگی تەممووزدا، ژنێکی دیکە بە ناوی سپیدە رەشنۆ بێسەروشوێن بوو، ئەوەش دوای ئەوە هات کە لە پاسێکدا لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بووە دەماقاڵێی و لەلایەن ئەو ژنەوە بە فڕێدانی سەرپۆش تۆمەتبارکرا. ژنەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەسەر تەلەڤزیۆن دەرکەوت و دانی بە تۆمەتەکەیدا نا و دواتر لە کۆتایی مانگی ئابدا بە کەفالەت ئازادکرا. چالاکڤانانی ئێرانیش دەڵێن، دانپێدانانەکەی لەژێر گوشاردا پێکراوە.
حکومەتی ئێران بە زەوتکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تۆمەتبار دەکرێت.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئیبراهیم رەئیسی سەردانی نیویۆرک بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاوەڕوان دەکرێت پرسی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ