وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەم هەفتەیەدا زانکۆلاین رادەگەیێنین

17-09-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین رادەگەیێننن و هیچ نمرەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دیارینەکراوە. 
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو مەرج و رێنماییەکانی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانمان بڵاوکردەوە. لەم هەفتەیەیشدا زانکۆلاین بۆ خوێندکاران رادەگەیێنین."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناخی 12ی ئامادەییدا ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی دەرچووانی ئەو قۆناخە لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا دەستپێکرد. 
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕی بۆ هەموو دەرچووانی 12ی ئامادەیی دروستکرد. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "دەرچووان لە رێگەی قوتابخانەکانیانەوە ناوی بەکاربەر و وشەی تێپەڕیان وەرگرتووە، لەو رێگەیەوە دەتوانن لە سیستمی زانکۆلایندا دوای کاراکرانی فۆڕمی وەرگیران لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە."
 
عەباس ئەکرەم باسی لەوە کرد، هیچ نمرەیەک بۆ پێشکێشکردنی داواکاری دیارینەکراوە و دەرچووانی ئەمساڵ هەموویان مافی پێشکێشکردنیان هەیە و دەرچووانی ساڵی رابردووش ئەوانەیان داواکرییان پێشکێش نەکردووە یان وەرنەگیراون دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، ئێستا بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا ناتوانن ئاماژە بە هیچ ژمارەیەک بکەن کە چەندیان وەردەگیرێن، ئەوە پەیوەستە بە ژمارەی داواکارییەکانەوە.
 
عەباس ئەکرەم داوای لە خوێندکاران کرد بە پارە فۆڕمی زانکۆلاین پڕنەکەنەوە و ئەوەی خستەڕوو کە "فۆڕمەکە زۆر ئاسانە و هەموو کەسێک خۆی دەتوانێت پڕیبکاتەوە." هەروەها لە سیستمەکەدا ڤیدیۆی فێرکاریی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە هەیە.
 
گوتیشی: "هەر کاتێک کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین کرایەوە، ئەوا بۆ راگەیاندنی ئەنجامی وەرگیرانی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستمان بە 10-12 رۆژ دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ زووتر لە ساڵی رابردوو ئەنجامەکان رادەگەیێنین."
 
لەبارەی خوێندنی پارالێڵیشەوە دەڵێت: "لەم کابینەیەی حکومەتدا هەوڵمان داوە کرێی خوێندنی پارالێڵ کەمبکەینەوە و ساڵی رابردووش کەمکرایەوە و ئەمساڵیش کرێی خوێندنی پارالێڵ وەک ساڵی رابردوو دەبێت کە 45٪ـە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گرتووخانەی ئەوین لە تاران.

لە سنە 70 بەندکراو ئازاد کران

لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای سنە 70 زیندانی ئازاد کران؛ بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری زیندانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانەوە 20 ملیار تمەن بۆ ئازادیی ئەو بەندکراوانە کۆکراوەتەوە.