رووداو دیجیتاڵ
گۆمەکانی بەرهەمهێنانی خوێ لە شارۆچکەی پیلەموری سەر بە دێرسیمی باکووری کوردستان بەرهەمهێنانی خوێ تێیاندا لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەكات و تاوەكو تشرینی یەكەم بەردەوام دەبێت. تیشکی گەرمی خۆر سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانەکەیە.
محەمەد ئارسڵان، بەرهەمهێنەری خوێ دەڵێت، "ئەو کاتانەی کەشوهەوا گەرم دەبێت خوێ بەرهەم دێت، ئێمە لە 3 بۆ 4 رۆژ جارێک خوێ دەردەهێنین. بە رۆژێک وشک دەبێت، دواتریش کۆی دەکەینەوە و دەیخەینە نێو توورەکە و دەیفرۆشین."
نزیکەی 200 ساڵە لەم ناوچەیەدا خوێ بەرهەم دێت، ئەگەرچی هەندێک گۆڕان بەسەر شێوازی بەرهەمهێناندا هاتووە، بەڵام بیرۆکە سەرەکییەکە نەگۆڕاوە.
توران کاهرامان، بەرپرسی بەبازاڕکردنی خوێ ئاماژە بەوە دەکات، "زیاتر بەرهەمی ئێرە دەفرۆشرێتە ئەرزنجان و نێوخۆی تونجەلی، بەڵام لەوێشەوە دەنێردرێتە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر، هەروەها بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەچێت."
لە شارۆچکەی پیلەموردا 70 گۆمی بەرهەمهێنانی خوێ هەن، ساڵانە 200 بۆ 270 تۆن خوێیان تێدا کۆدەکرێتەوە. هەر یەکێک لەو گۆمانە هەلی کار بۆ 15 - 20 کەس دەستەبەر دەکەن. ساڵانە کڕیارانی خوێی پیلەمور لەگەڵ وەرزی بەرهەمهێنان، خۆیان دەگەیێننە ناوچەکە و خوێ دەکڕن.
شوکرو ئەرەن، کڕیاری خوێی پیلەمور دەڵێت، "ماوەی 62 ساڵە ئێمە خوێ لەم گوندانەی ئێرە دەکڕین. بۆ خۆمان و ئاژەڵەکانمان بەکاری دەهێنین. ئەم خوێیەی ئێرە زۆر بەلەزەتە کاتێک لە خواردن دەکرێت. جیاوازە و لە خوێی ناوچەکانی دیکە ناچێت."
ئەمساڵ نرخی کیلۆیەک خوێی دێرسیم 20 لیرەیە کە دەکاتە یەک دۆلار و 15 سەنت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ