رووداو دیجیتاڵ
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئامانجی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت و سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بە دیپلۆماسی کێشەکانی لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات. وەزیری پێشووی دەرەوەی سوێدیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا لە رۆلی سەرکردایەتیکردنی جیهان پاشەکشە دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، نۆیەمین دیداری سلێمانی بە بەشداری چەندین کەسایەتی نێوخۆیی و بیانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستیپێکرد.
لە دیدارەکەدا پانێڵێک بە ناونیشانی "ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەنێو گۆڕانکارییەکانی سیستمی جیهانی" بەڕێوەچوو. هەریەکە لە ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، ئانا لیندا، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوێد و کریکۆر دێر هاگۆپیان، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تێیدا بەشدار بوون.
"نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت"
ڤیکتۆریا تەیلەر لە پانێڵەکەدا باسی گفتوگۆکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکای لەگەڵ ئێران کرد لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و گوتی، "سەرۆک ترەمپ زۆر بە روونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی و پڕۆگرامی یۆرانیۆمی نەبێت. هەروەها سەرۆک ترەمپ زۆر روون و کراوەش بووە کە دەیەوێت جیاوازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە دیالۆگ و دیپلۆماسی چارەسەر بکات."
شەممە شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە.
ڤیکتۆریا لەبارەی گەڕی گفتوگۆکانی هەردوولا گوتی، "چەندین دەیەیە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پڕۆگرامی ناوەکی لێمان ناڕوون بووە، بەڵام پێموایە کە گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان ئەرێنی و بنیاتنەر بوو. هەروەها رێککەوتنێکیش هەیە کە لە رۆژانی داهاتوو گفتوگۆکان بەردەوامبن."
پێشتر ترەمپ گوتبووی، دەکرێت ئێران "ببێتە وڵاتێکی نایاب ئەگەر واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بێنێت"، بەڵام روونینەکردەوە ئایا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەنیا دەیەوێت نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لەبارەی گفتوگۆکانی داهاتوو گوتی، "لە گفتوگۆکانی داهاتوودا، پێشبینی دەکەین کە چوارچێوەیەک دابڕێژرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیانەدا بەرەوپێشەوە بچین."
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەو نیگەرانییانەی کە ئەمریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەیەتی، ئیدارەی ترەمپ لەو چالاکییانەی ئێران نیگەرانە کە بۆ "ناسەقامگیرکردنی" ناوچەکە دەیانکات.
"ئەمریکا لە رۆڵی سەرکردایەتیدا پاشەکشە دەکات"
هاوکات ئانا لیندا، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوێد لە پانێڵەکەدا باسی لە رۆلی ئەمریکا لە جیهان کرد و گوتی، "ئێمە ئێستا شایەتی رووشان و نەمانی هاوپەیمانییە نەریتییەکانین. ئەوەش مانای وایە کە دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین ئەمریکا لەو رۆڵە سەرکردایەتییە پاشەکشە دەکات کە ماوەیەکی زۆرە دەیگێڕێت."
ئەو بەرپرسەی پێشووی سوێد ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو رۆژێک بڕیاری نوێ لە ئیدارەی ترەمپەوە دەبیستین کە وادەکەن ئەمریکا لە رۆلی سەرکردایەتیی جیهان پاشەکشە بکات، ئەوەش تەنیا کاریگەری گەورە لەسەر ئەورووپا دروست ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاش دروست دەکات."
لەبارەی رۆڵی ئەورووپاش، ئانا گوتی، "ئێمە لە ئەورووپا نابێت چیدیکە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا وەکو ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک سەیر بکەین، یاخود وەکو سەرچاوەیەکی کێشەی کۆچبەران و کێشەی وزەی سەیری بکەین، بەڵکو دەبێت هاوپەیمانێتیێکی ستراتیژی لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دروست بکرێت."
"پێشبینی هێرشکردنە سەر عێراق ناکەین و قبووڵیشی ناکەین"
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە و ئەگەری راکێشانی عێراق بۆ نێو جەنگەکە کرد.
کریکۆر دێر هاگۆپیان گوتی، "لەوکاتەوەی کە حکومەت پێکهێندراوە تاوەکو 7ـی ئۆکتۆبەر، عێراق سەردەمێکی سەقامگیری و ئاسایشی بەخۆیەوە بینی کە پێشتر وێنەی نەبووە. بەڵام ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر روویدا، شۆکێکی بوومەلەرزەیی بوو کە هەڕەشەی لە عێراق و تاواوی ناوچەکە کرد. شتێک نەبوو کە لە دەستی ئێمەدا بێت، بەڵام ئێمە کاریگەریمان لەسەر دروست دەبوو. لە ئەنجامدا بەڕێز سەرۆکوەزیران بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکەکانی هاوپایمانێتییەکەی بەشێوەیەکی سیاسییانە ئەو کێشەیەی چارەسەر کرد."
لەبارەی تێوەگلانی عێراق لە جەنگەکە و هێرشکردنە سەر عێراق، کریکۆر گوتی، "هێرشکردنە سەر عێراق شەڕانگێزییەکی روونە و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئێمە پێشبینی ئەوە ناکەین و قبووڵیشی ناکەین. ئەگەر ئەمە رووبدات، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەقامگیری عێراق دەبێت... هەروەها پێم وایە کە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە و هێزە شەڕەنگێزەکەش دەبێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمریکا رۆڵێکی "گرنگی" لە دوورخستنەوەی عێراق لەو شەڕ بینیوە و گوتی، "پەیوەندی [عێراق] لەگەڵ ئەمریکا یەکێکە لە گرنگترین ئەو پەیوەندییانەی کە عێراق هەیەتی. ئەمریکا بەرپرسیار بوو لە گۆڕانکارییەکە و رزگاربوون لە دیکتاتۆری و رێگەخۆشکردن بۆ عێراق بۆ ئەوەی ببێتە مۆدێلێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ