رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، لە 19ـی مانگەوە شەپۆلێکی بارانی بەهارە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی هەینی، 17ـی ئاداری 2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی ئاسمان نیچمە هەور دەبێت؛ بەراورد بە ئەمڕۆش سبەی شەممە پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی باش لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت.
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و کەشوهەوا جێگیر دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای نەورۆز، ئەو کەشناسە گوتی: "لە رۆژی 19ـی ئادارەوە شەپۆلێکی بارانی بەهارە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت؛ زیاتر نیوەڕوان و ئێواران تاوەباران دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 20 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 23 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 22 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 20 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 19 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 25 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ