بافڵ تاڵەبانی: شانازی بە مێژووی خەباتی دژەتیرۆری یەکێتی و دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستانەوە دەکەین

17-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی فەرماندەیەکی هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستان و 8 ئەندامی ئەو هێزە دەردەبڕێت. 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی فەیسبووکدا کە ئەمڕۆ هەینی بە بۆنەی گیانلەدەستدانی فەرماندەیەکی هێزەکانی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان و 8 ئەندامی ئەو هێزە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
فەرماندەی ئەو هێزە بە "شەڕڤان کۆبانێ" ناسراو بوو و، بافڵ تاڵەبانیش لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "شە‌هید شەڕڤان و یەکینەکانی دژە تیرۆر (YAT) رۆڵێکی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش لە رۆژئاوا گێڕا و خاکی پیرۆزی کوردستانیان لەدەستی رەشی تیرۆر پاراست و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان تۆمارکرد". 
 
گیانلەدەستدانی ئەو 9 ئەندامەی دژەتیرۆری رۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر بوو لە نزیک گوندی بێرکیان لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک. بەگوێرەی هەسەدە، هەریەکە لە هۆگر دێریک، شەڕڤان کۆبانێ، کۆچەر دێریک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێریک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە شەڕڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر بووە و بەرەو سلێمانی چوون. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ ئەو رووداوە کرد. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، کاپتنی یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان عەبدۆ مستەفا عەبدی ناسراوە بە شەڕڤان کۆبانێ بووە.
 
بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەنووسێت، "یەکێتی شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەکات کە هێزەکانی دژەتیرۆر (CTG) هاوشانی یەکینەکانی دژەتیرۆری رۆژئاوا لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان و خەڵکە تێکۆشەرەکەیدا خەباتیان کردووە و داستانی قارەمانانەیان تۆمارکردووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.