رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین رایدەگەینێت، بەراورد بە پار، ئاوی رووباری زێی بچووک 75٪ کەمیکردووە، ئەگەر دۆخەکە وابێت کێشەی کەمئاوی لە سنوورەکە دروست دەبێت. دەشڵێت، بەهۆی کەمبارانییەوە پڕۆژەی ئاودێریی سەنگەسەر 80٪ کەمیکردووە.
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، باسی لە دۆخی ئاوی سنوورەکە کرد و گوتی، "ئاستی ئاو بەراورد بە ساڵی رابردوو لە دۆخێکی خراپدایە، بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ بارانبارین کەمترە. ساڵی رابردوو ئاوی رووباری زێی بچووک 130 مەتر سێجا بوو لە چرکەیەکدا، بەڵام ئێستا کەمترە لە 36 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا."
سپاردە محەممەد دەڵێت، پاییزی رابردوو ئاستی ئاو کەمترین بڕی تۆمار دەکرد، ئێستاش هاوشێوەی پاییزە، هۆکارەکەشی بۆ "کەمبارانی و گلدانەوەی ئاوی رووبارەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستکردنی بەنداوی سەردەشت لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاندەوە."
قەزای پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە پڕۆژەی ئاوی خاس دەبەستێت لەسەر رووباری زێی بچووک، کە رۆژانە 2800 مەتر سێجا ئاوی پێویستە لە کاژێرێکدا، بەڵام ئەگەر دۆخی کەمئاوی بەم شێوەیە بەردەوامبێت، لە وەرزی هاوین کێشەی کەمئاوی بەرۆکی قەزاکە دەگرێت.
بۆ چارەسەری یەکجاریی گرفت و مەترسی کەمئاوی دەڤەری پشدەر وەکو بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی راپەڕین دەڵێت، "پێویستمان بە دروستکردنی بەنداوە لەسەر رووباری زێی بچووک". دەشڵێت، چاوەڕێی دروستکردنی بەنداوی دەڵگەن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بەراو هەیە، بە گوتەی سپاردە محەممەد، پڕۆژەی ئاودێریی سەنگەسەر، کە سەرچاوەی ئاوەکەی لە ناوخۆیە، نزیکەی 10 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات. ئێستا نزیکەی 80٪ـی ئاوی پڕۆژەکە کەمیکردووە کە نزیکەی 8 هەزار دۆنم زەوی کێشەی بۆ دروست دەبێت.
ئەو بەرپرسەی سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێت: "لەپلانماندایە لەگەڵ جووتیاران و یەکە کارگێڕییەکان کۆببینەوە و ئاگاداری مەترسییەکە بن و هەندێ بەرووبووم، کە ئاوی زۆری پێویستە نەیچێنن."
سەبارەت بە سەرچاوەکانی دیکەی ئاو، سپاردە محەممەد ئاماژەی بە بەنداوی سەروچاوە کرد، کە سەرچاوەکەی کانییە و بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی چوارقوڕنە و قەزای حاجیاوا سوود لە ئاوی سەروچاوە دەبینن و گوتی: "ئەویش کەمیکردووە، بەڵام لە سەنگەسەر باشترە، هەروەها پڕۆژەی قەسرۆک لە ناحیەی چوارقوڕنە کە بەشێکی تەواوکراوە، سوود لە ئاوی بەنداوی سماقوڵی دەبینێت."
لەبارەی دروستکردنی بەنداو و پۆند، سپاردە محەممەد دەڵێت، "چەند شوێنێکی باش و گونجاومان هەن بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆند، لە سنووری دەڤەری راپەڕین چوار شوێنی بەنداو و 10 شوێنی پۆندمان هەن، کە گونجاون بۆ ئەوەی دروست بکرێن."
بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت، بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئیدارەی راپەڕین، لە سنووری دەڤەری راپەڕین، 890 بیری ئیرتیوازی مۆڵەتپێدراو هەن، کە 520 بیریان بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاردێت، ئەوانی دیکەش بیری کشتوکاڵی و کەرتی تایبەتن.
بە گوتەی سپاردە محەممەد دەڵێ، پێشبینی دەکەن زیاتر لە 5 هەزار بیری قووڵ (shallow well) بێ مۆڵەت هەبێت، چونکە ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزە بەهۆی بەنداوی دووکانەوە.
لەبارەی دۆخی ئاوی ژێرزەوی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین گوتی، ئێستا ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەمان ئاستی ساڵی رابردووە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکەن، نزیکەی 10 مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەویی دابەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ