رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەری روویدا. 187 هاونیشتمانی بریندار بوون و سێ باڵەخانەش رووخان.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 10:46 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024) بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی کالە لە پارێزگای مەلەتی روویدا.
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر و لە قووڵایی 10.07 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی خارپێت، ئامەد، سەمسوور، رووها، دێرسم، ئێلیهـ و مەرەش هەستی پێکراوە و خەڵک بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 187 هاونیشتمانی بریندار بوون. 43 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون و 144 برینداریش دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند لە مەلەتێ، خارپێت و رووها بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سێ باڵەخانەی کۆن رووخان.
هەر ئەمڕۆ یەک رۆژ پشووی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە مەلەتێ، خارپێت و رووها راگەیێندرا.
لە شەشی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویان دا؛ بەهۆیانەوە 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ