رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، سبەی یەکەم شایستەی دارایی دەدرێتە ئەو مامۆستا ئایینییانەی وەکو خۆبەخش لە مزگەوتەکانی کوردستان پێشنوێژی دەکەن یان گوتاری هەینی دەخوێننەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024) نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی شایستەی دارایی بەسەر 1500 مامۆستایی ئایینیی خۆبەخش لە هەموو هەرێمی کوردستان، سەرەتا لە پارێزگای هەولێر دابەشدەکرێت، نزیکەی 400 مامۆستا مینحەکە وەردەگرن."
شایستەی دارایییەکە مانگانەیە و 250 هەزار دینارە بۆ هەر مامۆستایەکی ئایینی، بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، شایستەی داراییەکە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و لە داهاتی وەزارەتی ئەوقافە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر گوتی "ئەو شایستەی داراییەی سبەی دابەشدەکرێت هی مانگی نۆیە و بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، هەوڵدەدرێت بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت."
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی شایستەی داراییەکە، نەبەز ئیسماعیل گوتی "تەنیا پێویستە ئەو مامۆستاییە ئایینییە هیچ مووچەیەکی لە حکومەت نەبێت و خۆبەخش بێت."
رۆژی 29-08-2024 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، "بڕیارماندا مانگانە مینحەیەک (شایستەی دارایی) بدرێتە مامۆستایانی ئایینیی خۆبەخش، کە ھیچ داھاتی دیکەیان نییە."
وەزارەتەکە راشیگەیاندبوو، ئەو شایستە داراییە لەسەر بودجەی وەزارەت دەبێت، "تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ئامادەکردنی پڕۆژە بودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکاری کارگێری و یاسایی بۆیان دەگرینەبەر، بۆ ئەوەی بە مافەکانیان بگەن."
لە هەرێمی کوردستان 6100 مزگەوت هەن، کە لە 3800ـیان گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت، 2700 مامۆستا فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافن، 1500 مامۆستای خۆبەخش بە رێپێدانی وەزارەتی ئەوقاف گوتاری هەیینی دەخوێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ