زبڵ و خاشاک سنووری ئەلقووشی تەنیوە؛ چارەی کێشەکە رەزامەندیی 12 وەزارەتی پێویستە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری ناحیەی ئەلقووش، خاشاکی زۆر کەڵەکە بووە و بۆنی ناخۆش و دووکەڵی زۆر لە ناوچەکە بڵاودەکاتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش دەڵێت، چەندین جار داواکارییان پێشکێشی حکومەتی عێراق کردووە بۆ چارەی کێشەکە، بەڵام"وەڵاممان نادرێتەوە". 
 
چوار گوندی سنووری ئەلقووش زۆرترین کاریگەریی پیسی، بۆن و دووکەڵی خاشاکەکەیان لەسەرە. میرزا سلێمان، دانیشتووی گوندی سرێچکا کە یەکێک لەو چوار گوندەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "خاشاکەکە دەسووتێنرێ، تەنیا سێ کیلۆمەتر لە گوند دوورە، دووکەڵێکی زۆر بڵاودەکاتەوە، ئاستی بینین دەبێتە سفر."
 
 
پەیامنێری رووداو چووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاکەکە، هەندێک خەڵکی کەمدەرامەت داهاتی رۆژانەیان لەسەر خاشاکەکەیە، بە سووتاندنی خاشاکەکە جگە لە زیانی تەندروستی بۆ خۆیان، زیان بە دانیشتووانی سنوورەکەش دەگەیێنن. 
 
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دووکەڵ، ئاستی بینین کەمدەبێتەوە، بە گوتەی دانیشتووانی سرێچکا، بەهۆی دووکەڵەوە چەند رووداوێکی هاتووچۆ دروستبووە و دوو کەس لە دانیشتووانی گوندەکەیان نیڤشکان بوون.
 
جەنان شاکر، خەڵکی گوندی سرێچکا، بە هونەر رەشید، پەیامنێری رووداوی گوت "داواکاریی ئێمە وەک خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە؛ چارەی کێشەی زبڵ بکەن لە نزیکترین کاتدا. لە 2002ـەوە داوا دەکەین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش "چەندین جار" نووسراوی فەرمیی بۆ حکومەتی عێراق کردووە و بە "زارەکیش" داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ چارەکردنی خاشاکی سنوورەکەیان. لارا زەرا، لە بەرپرسیار گوتی "شوێنی فڕێدانی خاشاکەکە گونجاو نییە. ژێرخاک ناکرێت و دەسووتێنرێت. حەوت ساڵە داوا دەکەم بۆ چارەی کێشەکە، وەڵام نادرێتەوە یان رەتدەکرێتەوە."
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی نەینەوا، هۆکاری چارەنەکردنی کێشەکە بۆ بوونی خانووی زێدەڕۆ لە نزیک خاشاکەکە دەگەڕێنێتەوە. 
 
رەعد حەدیدی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی نەینەوا لە بەرپرسیارەوە گوتی "سیستمێکی رێک بۆ مامەڵەی خاشاک لە عێراق دا نییە. شوێنی فڕێدانی خاشاک لە شەرەفییەی ئەلقووش کاتییە، ئەو شوێنە هاوشێوەی 30 شوێنی دیکەی سنوورەکەمانە، چارەکردنی ئەو کێشەیە پێویستی بە رەزامەندیی 12 وەزارەت هەیە."
 
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکەش. رەعد حەدیدی، گوتی "ئێستا مامەڵەی چارەکردنی ئەو کێشەیە لای ئێمە تەواوکراوە، بەڵام ژینگە رەزامەندی نادات، چونکە شوێنی زبڵەکە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونە، لەو شوێنە خانووی زێدەڕۆ دروستکراون. یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە ژینگە کۆنن و پێویستییان بە هەموارکردنەوەیە."
 
ناحیەی ئەلقووش سەر بە قەزای تلکێفە لە سنووری پارێزگای نەینەوا. لە سنووری ناحیەکە 42 گوند و کۆمەڵگە هەن، کۆمەڵگە و گوندەکانی خەتارێ، دوغات، سرێچکا و شێخکا زۆرترین کاریگەریی زبڵ و خاشاکیان لەسەرە و زۆربەی دانیشتووانەکانیان کوردانی ئێزدین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسی: سبەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی راپەرین نمە باران دەبارێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات لە سبەیەوە تاوەکو 19ی مانگ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.