ئەمریکا بۆ رووداو: هانی هەولێر و بەغدا دەدەین ناکۆکییەکانیان بە رێگەیەکی بونیاتنەر چارەسەربکەن

16-08-2022
 پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رۆڵیان دەبێت لە هاندانی هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانیان بە رێگەیەکی "بونیاتنەر و کاریگەر" چارەسەربکەن.

 

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداو لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، "ژمارەیەک بەرژەوەندیی پەیوەست بە عێراقەوە هەیە، هەروەها ژمارەیەک بەرژوەندیی پەیوەست بە ناوچەی کوردیشەوە بە دیاریکراوی هەیە. هەر ناکۆکیێک لەنێوان بەغدا و هەولێر توانای ئەوەی هەیە پاشەکشە بەو بەرژەوەندیانە بکات، کە هەندێ جار بەرژوەندیی هاوبەشن لەگەڵ خەڵکی عێراق و گەلی کوردیش، بۆیە هیوادارین ئەو ناکۆکیانە چارەسەربکرێن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوت، "ئێمە هانی لایەنەکان دەدەین رێگەیەک بدۆزنەوە کە پشتیوانی لە وەبەرهێنانی ئێستا و ئایندە بکات و بەرژوەندییەکانی خەڵکی عێراق بەرەوپێشببات، لە نێویشیاندا بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
ئەمریکا لە "گفتوگۆی کارای فەرمی و نافەرمی" لەگەڵ عێراق بەردەوامە، نێد پرایس گوتی، ئامانجەکە "بۆ باشترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی دووقۆڵی، زیادکردنی شەفافیەت، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هاندانی چاکسازیی ئابووری و زەمینەسازیکردن بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان."ـە. 
 
رۆژی دووشەممە، کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کرد لە "باڵاترین ئاستدا" لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
 
بۆب مەنێندێز لە پارتی دیموکرات و جیم ریش لە پارتی کۆمارییەکان لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوە ئاماژەیان بەوە کردبوو، کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاوکاربوون لە سەقامگیریی ئابووری و سەربەخۆیی عێراق لەڕووی وزەوە، بەڵام بڕیارێکی ئەم دواییەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق مەترسیی لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان دروستکردووە و "وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج لە سەپاندنی بڕیارەکەدا."
 
دامەزراوەی گەشەپێدانی دارایی ئەمریکا، زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری بە قەرز بەو کۆمپانیایانە داوە کە لە هەرێمی کوردستان کار لە بواری وزەدا دەکەن. کێڵگەی کۆرمۆر کە بەمدواییانە رووبەڕووی چەند هێرشێکی مووشەکی بووەوە، ئەو دامەزراوە ئەمریکییە بە بەهای نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کردووە.
 
سیناتۆرە ئەمریکییەکان هەروەها نیگەرانیی خۆیان لەبارەی هێرشی مووشەکی بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێننە وەزارەتی دەرەوە، لە نامەکەیاندا نووسیویانە، "کارەکانی دادگە و ئەو هێرشانەی کە ئێران سپۆنسەریان دەکات، بە شێوەیەکی خراپ کاریگەری دەکەنە سەر کەشی وەبەرهێنانی بیانی و توانای عێراق بۆ ئەوەی کە لە وزەی ئێرانی سەربەخۆ بێت."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: لەسەر عێراق دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ پرسیارێک کە دوێنێ پرسیم لەبارەی نامەیەکی لیژنەی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران؛ ئەوان داوا لە وەزیری دەرەوە دەکەن کە بەپەلە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەوەی ناکۆکیی نەوت و گاز لە نێوانیاندا چارەسەر بکەن. ئایا ئێوە هەمان ئەو پێویستییە دەبینن؟ چی رێگری لە ئێوە دەکات پەیوەندی بەو دوو حکومەتەوە بکەن؟ تەنیا سەرقاڵن یان شتێکی دیکەیە رێگەتان لێ دەگرێت؟
 
نێد پرایس: من لە پێگەیەکدا نیم بتوانم لەبارەی هیچ وەڵامێکی کۆنگرێسەوە قسە بکەم؛ ئەوە یاسایەکە، کە ئێمە هەمانە و کاری پێدەکەین، بەڵام هانی لایەنەکان دەدەین کە رێگەیەک بدۆزنەوە کە پشتیوانی لە وەبەرهێنانی ئێستا و ئاییندە بکات و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بەرەوپێشببات، لە نێویشیاندا بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. ئێمە لە گفتوگۆی کارای فەرمی و نافەرمی لەگەڵ عێراق بەردەوامین بۆ باشترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی دووقۆڵی، زیادکردنی شەفافییەت، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هاندانی چاکسازیی ئابووری و زەمینەسازیکردن بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. بەهۆی ئەو پاڵپشتییەشەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرکەوتوو بوون و رکابەرییان بۆ بەدەستهێنانی گرێبەست لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، وزە و کشتوکاڵ کردووە کە بە بەهای ملیاران دۆلار بووە، بۆیە ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا لە پەیوەندیدا بووین و لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستانیش لە پەیوەندیدا بووین."
 
رووداو: دەگەڕێمەوە سەر نامەکە، کە ئاماژە بەوە دەکات بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بەهۆی ئەم ناکۆکییەی نێوان بەغدا و هەولێرەوە کەوتووەتە مەترسییەوە. وەکو دیارە، ئەو گفتوگۆیانەی کە تاوەکو ئێستا ئێوە هەتانبووە یارمەتیدەر نەبوون لە چارەسەرکردنی کێشەکە. ئایا ئێوە هەمان نیگەرانیتان لەبارەی وەبەرهێنان هەیە کە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە بواری وزەدا کراوە؟
 
نێد پرایس: هەر ناکۆکییەکی نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا لەنێوان بەغدا و هەولێردا دەبێت؛ بێگومان دەتوانین رۆڵمان هەبێت لە هاندانی گفتوگۆ و هاندانی حکومەتی فیدراڵی و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکییانە بە رێگەیەکی بونیاتنەر و کاریگەر چارەسەربکەن. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە هەوڵمانداوە بیکەین. ئێمە ژمارەیەک بەرژەوەندیی پەیوەست بە عێراقمان هەیە؛ ئێمە هەروەها ژمارەیەک بەرژەوەندیی پەیوەست بە ناوچەی کوردیشمان بە دیاریکراوی هەیە. هەر ناکۆکییەک لە نێوان بەغدا و هەولێر توانای ئەوەی هەیە پاشەکشە بەو بەرژەوەندییانە بکات کە هەندێکجار بەرژوەندیی هاوبەشن لەگەڵ خەڵکی عێراق و گەلی کوردیش؛ بۆیە هیوادارین ئەو ناکۆکییانە چارەسەربکرێن.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، نامەکە دەشڵێت سیناتۆرەکان بڕوایان وایە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدیاریکراوی بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی بەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا جێبەجێ دەکات، ئایا ئێوەش وای دەبینن؟
 
نێد پرایس: من لە پێگەیەکدا نیم ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستبکەمەوە، بەڵام ئێمە لە سەرانسەری جیهان بێگومان بە عێراقیشەوە هیواخوازین زەمینەیەکی کارکردنی لەبار بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەبێت. ئێمە بڕوامان بە کێبڕکێ هەیە، بەڵام دەبێت کێبڕکێکە بە گوێرەی یاسا و رێسای شوێنەکە بێت کە لە زەمینەیەکی دادپەروەرانەدا بە روونی دیاریکراون؛ کاتێکیش دەبینین ئەو شتانە نین، هەوڵدەدەین راستیان بکەینەوە.
 
رووداو: بەڵام ئەوە پرسیارەکەیە، ئایا پێتانوایە عێراق زەمینەیەکی دادپەروەرانەیە بۆ کێبڕکێی کۆمپانیا ئەمریکییەکان؟
 
نێد پرایس: دووبارە دەیڵێمەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان توانیویانە گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری بەدەستبهێنن، ئێمە لەگەڵ هاوبەشە عێراقی و کوردەکانمان لە پەیوەندیدا بووین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە ئەو زەمینەیە دادپەروەرانەیە بۆ کێبڕكێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

شارەوانییەکانی سلێمانی: پێمان گوتراوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ فەرمانبەران زەوی وەردەگرن

زۆرینەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، وەزارەتی شارەوانی رایگەیاندووە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو فەرمانبەران زەوییان وەرگرتبێت