رووداو- هەولێر
لە 77ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتدا، دوو لایەنەکەی حیزبی دیموکرات یەکەم رێوڕەسمی هاوبەشیان بەڕێوەبرد.
دوای نزیکەی 16 ساڵ لە دابڕان، بۆ یەکەمجار هەردوو لایەنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 25ی گەلاوێژ، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دیموکرات، رێوڕەسمێکی هاوبەشیان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک لە کۆیە بەڕێوەبرد.
لە رێوڕەسمەکەدا بەرپرسانی یەکەمی هەردوو حیزب، خالید عەزیزی و مستەفا هیجری و هەروەها کەسایەتییە دیارەکانی ئەو دوو حیزبە، لەنێویاندا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بەشداربوون.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا حەسەن شەرەفی، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حدکا و عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک سیمینارێکیان لەبارەی رۆڵی حیزبی دیموکرات پێشکێشکرد.
حیزبی دیموکرات 77 ساڵ پێش ئێستا و ساڵی 1324ی هەتاوی، 1945ی زایینی راگەیێندرا و رۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێ کاف، 25ی گەلاوێژ وەکو رۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبە دیاریکرا. کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد سێ ساڵ پێشتر لە مهاباد دامەزرابوو. حیزبی دیموکرات دەڵێت، لەسەر بناخەی ئەو کۆمەڵەیە دامەزراوە.
لە ساڵی 2006ـەوە ریزەکانی حیزبی دیموکرات تووشی لێکترازان بوو و دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک دانوستاندن، دوو هەفتە پێش، 02/08/2022 رێبەریی حدک و حدکا یەکگرتنەوەی ریزەکانیان پەسند کرد و بڕیارە بەزوویی و بە فەرمی رابگەیێندرێت. لە وڵاتانی دەرەوەش دوو لایەنەکە ئەمساڵ پێکەوە یادی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتیان کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ