رووداو دیجیتاڵ
1855 مامەڵەى قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانى کەرکووک ئاراستەى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 کراون بۆ ئەوەى چەکی بانکییان پێبدرێت بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان. 575 چەک بۆ قەرەبووى عەرەبە هاوردەکان کراوە و لە بەغدا وەریدەگرن.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکى لیژنەى باڵاى مادەى 140 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمساڵ ناوى 2700 ئاوارە نێردراوە بۆ لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ئەو مادەیە و وردبینی لە دۆسیەکانیاندا کراوە بۆ ئەوەى قەرەبوو بکرێنەوە، چەکى 845 کەسیان گەڕاوەتەوە.
ئەو 845 کەسە لە دوایین گوژمەى دابەشکردنى چەکى قەرەبووى ئاوارەکان بوون، کە 15ـی نیسان دەست بە دابەشکردنى کرا، بەوپێیە زیاتر لە 1855 مامەڵەى ئاوارەکان ماوە کە چەکى بانکییان لە بەغداوە نەگەڕاوەتەوە.
لیژنەى باڵا لە بەغدا چەکى بانکى دەکات بۆ خەرجکردنى قەرەبووەکان و دەیگەڕێنێتەوە نووسینگەی کەرکووکى لیژنەکە، بۆ ئەوەى بدرێتە ئاوارەکان. کاکەڕەش سدیق گوتى "ئەو مامەڵانەى ماون چاوەڕێین ئەمساڵ چەکیان بۆ بکرێت، بەڵێنیش دراوە بۆیان بکرێت."
بەگوێرەى مادەى 140 هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکى لیژنەى باڵاى مادەى 140 دەڵێت "575 مامەڵەی عەرەبە هاوردەکان تەواو بووە، لە نووسینگەى بەغداى مادەى 140 چەکەکانیان وەردەگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ