راگەیێندراوی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی: وەک یەک تیم کاردەکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن

16-05-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن یەکێتی و پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "هاوڕان لە پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا".
 
رۆژی سێشەممە 16-05-2023 شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "هەردوولا پەرۆش و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا (لەمساڵدا)".
 
شاندی پارتی پێکهاتبوو لە: مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، د. هێمن هەورامی و د. جەعفەر ئیمینکی. شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتبوو لە: شاڵاو عەلی عەسکەری، د. خەسرەو، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، د. میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ. 
 
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن".
 
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی، لە راگەیێندراوەکە هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی دەڵێن "وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستدا هات، هەردوولا هاوڕابووین کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و، نێوماڵی کوردستان رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە".
 
دوای زیاتر لە حەوت مانگ، رۆژی یەکشەممە 14-05-2023 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی گەڕانەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پڕۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوەی کۆبوونەوەکان، پەسندکرا. 
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی باسی پڕۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کراوە و دەڵێن "دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پەسندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەى تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمە و هەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەین".
 
لەبارەی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا بڕیاریانداوە وەکو یەک تیم کاربکەن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت بۆ فەراهەمکردنی کەشوهەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی لە ناوچەکەدا هەن.
 
بڕیارە 18-11-2023 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، پێویستە پێشوەختەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کارابکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکرێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.