خاوەنی پەلەوەرخانەکان داوای جێگیرکردنی نرخی مریشک دەکەن

16-05-2023
نزار جەزا
پەلەوەرخانەیەک لە سنووری سلێمانی. وێنە: رووداو
پەلەوەرخانەیەک لە سنووری سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

نرخی کیلۆیەک مریشک لە نێو پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 2,200 بۆ 2,400 دینارە. بەشێکی خاوەنی پەلەوەرخانەکان دەڵێن، تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک نزیکەی 2,500 دینارە، بۆیە داوا دەکەن نرخەکان بە جۆرێک جێگیر بکرێن کە ئەوان تووشی زیان نەبن و بتوانن لە بەرهەمهێنانی مریشک بەردەوامبن. 
 
موحسین ئەحمەد، خاوەن پەلەوەرخانەیەکە و دەڵێت، "ئێمە حەزدەکەین نرخ جێگیربێت، حەزناکەین نرخی مریشک لەسەر هاونیشتمانییان گرانبێت، بەڵام عەلەف کە تێچووی %70 بۆ %75ی مریشکە گرانە و هەر تۆنێکی بە نزیکی 600 دۆلارە."
 
نرخی هەر کیلۆیەک عەلەف بەپێی جۆرەکەی لەنێوان 835 دینار بۆ 915 دینارە، بۆ هەر کیلۆیەک مریشکیش نزیکی دوو کیلۆ عەلەفی پێویستە.
 
هاونیشتمانییان داوای دانانی نرخێک دەکەن کە بازاڕ پێی جێگیرببێت، بەجۆرێک نە خاوەن پەلەوەرخانەکان زیانبکەن، نە هاونیشتمانیش بە گران بیکڕن.
 
حەیدەر عەبدوڵا، مریشکفرۆشێکە و باس لەوە دەکات، "ئەم ناجێگیرییە وایکردووە هەموومان لە ناڕەحەتیدابین، کڕیارم هەیە کە نرخی مریشک هەرزان دەبێت دەڵێت کە نرخ دابەزی خێرا 20 مریشکم بۆ بنێرە، بۆئەوەی کە نرخەکەی بەرزبوەوە بەشم بکات، یان کەبابخانە هەیە نازانێت شیشێک مریشک بەچەند بفرۆشێت، چونکە هەر رۆژە و نرخێکە."
 
دەروێش محەممەد، هاونیشتمانییەکە و ئاماژە بەوە دەکات، "نرخی مریشک هەر رۆژە و بەجۆرێکە، مانگێک پێش ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتە نزیکی پێنج هەزار دینار، ئێستا کیلۆیە بە نزیکی دوو هەزار و 500 دینارە."
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی دەڵێت، ئەم کەرتە پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، بۆئەوەی پەکی نەکەوێت.
 
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانییە. ئەو دەڵێت، "بازاڕێکی ناجێگیر هەیە، بۆیە ئاییندەیەکی باش لەم کەرتەدا نابینم، ئەگەر هەوڵنەدرێت پێداویستییەکانی کەرتەکە دابینبکرێت و پلانی باشی بۆ دانەنرێت و زێدەڕۆییەکانی سەر کەرتەکە لانەبرێت."
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژەکانی پەلەوەر لەهەرێمی کوردستان بەڕێژەی %20 بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و 840 پرۆژەی پەلەوەری.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەرهەمی مریشک لەساڵی 2022دا لەهەرێمی کوردستان 240 هەزار تۆن بووە، لەکاتێکدا پێویستی ناوخۆ 147 هەزار تۆنە، واتە %39ی بەرهەم لە ناوخۆ زیادە، بەمەش هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لەڕووی بەرهەمی مریشکەوە، بەڵام ئەگەر کەرتەکە رێکنەخرێتەوە و هەر بەم جۆرە نرخەکان ناجێگیربن، ئاستی خۆبژێویش دادەبەزێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە