رووداو - بالیسان
کوڕی یەکێک لە شەهیدەکانی کیمیابارانی گوندی شێخ وەسان و شارۆچکەی بالیسان، لە یادی 36 ساڵەی کیمیابارانی ناوچەکەیان کێلی گۆڕەکەی باوکی هەڵکەند و گوتی، رێگەنادات بەناوی شەهیدەکانیانەوە یادەکە بکرێتەوە.
هێرش جەبار، کوڕە شەهید دەڵێت، "ئامۆزایەکم لەسەر جێگەیە، رۆژانە حەوت بوتڵ ئۆکسجینی دەوێت، حکومەتێک 400 هەزار دینار بە قابیلی ئەو نەخۆشە نەزانێت، کێلی بابی من بۆ لێرەبێت و خەڵکێک پێی ببێتە پیاو. دەیبەمەوە لە گوندی خۆمان گۆڕی بۆ دەکەم، با کەس بە بابی من نان نەخوات."
بەرکەوتووان و کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان دوای تێپەڕبوونی 36 ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزبی و حکومی یادەکە دەکەنەوە.
نەجیبە خدر، بەرکەوتووی چەکی کیمیایی دەڵێت، "یەکەم ژنی کورد بووم سەدامم بینی و شاهێدیم دا لەسەری. گوتم، سەدام من نوێنەری کوردم. قازیەکە گوتی، تۆ بەس باسی خۆت بکە. گوتم، نەخێر ئەوەی سەدام بە میلـلەتەکەی کرد، هیتلەر بە میلەتەکەی نەکرد."
جیاواتر لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بەرکەوتووان و کەسوکاری کیمیابارانی گوندی شێخ وەسان و شارۆچکەی بالیسان رێگەیان نەدا هیچ بەرپرسێک بچێتە سەر مەزاری شەهیدەکانیان و بە تەنیا خۆیان یادەکەیان کردەوە.
مانگێکە وەزارەتی شەهیدان بە پاساوی چاکسازی و نەهێشتنی دوو مووچەیی، مینحەی نزیکەی 760 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەم بڕیارەش کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی نیگەران کردووە.
سابیر حەمەد، بەرکەوتووی چەکی کیمیایی دەڵێت، "ئەو پارەیەی وەریدەگرم، بە دەرمانی دەدەم؛ ئەگەر ئەو مینحەیەمان نەدەنێ، دەبێت لە قوتی منداڵەکان بگرمەوە بۆ دەرمانەکان، هاوسەریشم وەکو خۆمە و پێویستی بە دەرمانە."
لە 16-04-1987 گوندی شێخ وەسان و شارۆچکەی بالیسان لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کران، بەهۆیەوە 263 هاونیشتمانی شەهید بوون و 556ی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ