نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە

16-03-2022
هۆرڤان رەفعەت
نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە
نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەناردنی گەنم لەلایەن عێراقەوە نرخی ئاردی لە هەرێمی کوردستان گرانکردووە، نرخی فەردەیەک ئارد لە سلێمانی بۆ 45 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
تۆفیق رەسوڵ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری سلێمانییە و دەڵێت، "دوو مانگە بەشە ئاردم وەرنەگرتووە، ئێستا بە ناچاری هاتووم ئارد بکڕم، ئیتر ئاردی رووسی بێت یان ئێرانی، نرخەکەشی زۆر گرانبووە، ئێستا فەردەیەکی بە 45 هەزارە، بەڵام سێ بۆ چوار مانگ لەمەوپێش بە 30 هەزار دینار بوو". 
 
زۆرینەی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، لەمانگی 11ـەوە بەشە ئاردی مانگانەی حکوومەتی عێراقیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە لەدوا رۆژەکانی مانگی یەکەوە بەشە ئاردی مانگی یەک لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دابەشکراوە، بەڵام بڕێکی زۆر کەم نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوەش وایکردووە نرخی ئاردی بازرگانی گرانتر بێت.
 
لوقمان عومەر، فرۆشیاری ئارد بە رووداوی گوت، "ئەگەر حکومەت ئارد دابەش بکات، نرخی ئاردی بایەعی کەمدەبێتەوە، لە دوو و سێ رۆژ لەمەوبەر لەبەر ئەوەی ئارد هیچ دابەش نەدەکرا و عێراق هیچی نەدەنارد، ئێمە فەردەیەک ئاردی بایەعیمان بە 35 هەزار دەکڕی، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی کەمێک دابەشکراوە نرخەکەی بوە بە 30 هەزار، هاوکات ئاردی روسی و تورکیش 40 بۆ 45 هەزارە".
 
سلێمانی و هەڵەبجە مانگانە دەبێت 23 هەزار تۆن گەنمیان لە عێراقەوە بۆبچێت تاوەکو بکرێتە ئارد، هەولێر پێویستی بە 21 هەزار و 500 تۆن و دهۆکیش پێویستی بە 13 هەزار و 500 تۆنە، بەڵام بۆ هەر پارێزگایەک تەنیا پێنج هەزار تۆن هاتووە.
 
نەسرین محەممەد، بەڕێوەبەری دروستکردنی دانەوێڵەی سلێمانی باسی لەوە کرد، "دەبوو حکومەتی عێراق ئەگەر گەنمیش کەم بوایە رەچاوی دۆخی ئێمەشی بکردایە، نەک بیدات بە پارێزگاکانی خۆی و نەیدا بە ئێمە، ئەوە ستەم بوو حکوومەتی عێراق لە ئێمەی کرد، ئەوان گەنمی مانگی یەکیشیان وەرگرتووە، کەچی ئێمە تازە گەنمی مانگی یەک وەردەگرین".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەنووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە کە بەزوویی بەشە گەنمی هاونیشتمانیانی سلێمانی بنێرن، تاوەکو بکرێتە ئارد و بدرێتە هاونیشتمانیان. 
 
ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "دکتۆر ئاسا فەرەیدوون نووسراوەکەی ئێمەی داوە بە وەزیری بازرگانی عێراق، ئەویش راستەوخۆ بڕیاری بەپەلە دابەشکردنی بەشە گەنمی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەرچوواندووە و بڕیارە لە رۆژی 16ـی ئادارەوە دەست بە ناردنی بکرێت".
 
بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەشە ئاردی مانگی یەکی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانیش دابەشبکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق، خاوەن 700 هەزار تۆن گەنمن، بەڵام پڕکردنەوەی پێویستیی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق خراوەتە پێش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکەڵی ئۆتۆمبێلێک

دەستەی ژینگە: 60٪ـی هۆکاری پیسبوونی هەوا ئۆتۆمبێلی تایبەتن

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پاڵاوگە نایاساییەکانەوەیە. پار لە پارێزگای هەولێر 54 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون، هەروەها 60٪ـی پیسبوونی هەواش بەهۆی ئۆتۆمبێلەوەیە.