کوردستان
لۆگۆی دەم پارتی و شوێنێک کە شەوی رابردوو لە هەولێر لەلایەن مووشەکەکانی ئێرانەوە بەئامانج کراوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیێندراوێکدا بە زمانی کوردی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی شەرمەزار دەکات.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024) دەم پارتی، لە هەژمارەکانی لە سۆشیاڵ میدیا راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی دوورهاوێژ بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە.
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا، ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و دەڵێت، "ئێمە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و گەلی کورد ئیدانە دەکەین. ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانین. ئەو هێرشانەی لە باشوور و رۆژئاوا دەکرێنە سەر خەباتی ئازادیخوازی کورد، ناگەنە ئامانجی خۆیان. ئێمە بانگ لە گەلەکەمان دەکەین، لە بەرامبەر ئەم هێرش و لەناوبردنانە، دەبێت یەکگرتوو بین."
چی روویدا؟
درەنگانی شەوی رابردوو، (15-1-2024) سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی هەولێر کرد، کە نیوەیان واتا پێنجیان بە ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر بەناوی پێشڕەو دزەیی کەوتن، لەکاتێکدا لە ماڵەکەیدا ئاهەنگی خێزانی هەبوو، بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی، کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووتە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.
جگە لە کوژرانی چوار کەس لە هێرشەکەدا، 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێکدێن.
دوای هێرشەکان سوپای پاسداران لە راگەیاندنەکانی نزیک خۆیەوە چەند زانیارییەکی لەسەر ژیان و کارەکانی پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە و تۆمەتباری کردووە بەوەی پاڵپشتیی دەزگایەکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی کردووە، تۆمەتێک کە لەلایەن لیژنەکەی لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهاتبوو هەروەها خزم و کەسە نزیکەکانی پێشڕەو دزەییەوە سەرلەبەری رەتکرایەوە.
پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆنگرەی چوارەمی ئاساییدا ناوی پارتەکەی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) گۆڕی، بەڵام دادگەی باڵای تورکیا بڕیاری گۆڕینی ناوی (هەدەپ)ـی دا، بەهۆکاری ئەوەی هەدەپ هاوشێوەی کورتکراوەی ناوی پارتی دیموکراسیی گەل (هادەپ)ـە کە لە ساڵی 1994 دامەزراوە و ئەم لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵا کۆبووەوە و لە 11ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڕیاری دا، کورتکراوەی ناوی نوێی پارتەکەیان "دەم پارتی" بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ