گەشتوگوزار: هاتنی گەشتیار زیاد دەکات؛ کۆمەڵەی میوانخانەکان: کەم دەکات

30-12-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکەن بۆ پشووەکانی سەری ساڵ زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەرپرسانی کۆمەڵەی میوانخانەکان لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەڵێن، سەری ساڵی ئەم ساڵ بەراورد بە پار گەشتیاری کەمتر دێنە هەرێمی کوردستان.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستکراوە بە ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاری پێویست کراوە.
 
بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، وەکو دەستەی گەشتوگوزار لەسەر دوو ئاست ئامادەکارییان کردووە؛ ئاستی یەکەم، لەگەڵ پارێزگا و ئیدارەکان و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازگەکان و دەروازە سنوورییەکان هاوئاهەنگی پێویست کراوە، ئاستی دووەم، لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان، میوانخانەکان، هۆتێل، رێستۆرانت و بنکە گەشتیارییەکان هاوئاهەنگی کراوە.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "تیمەکانی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی شارەکان چاودێریی بنکە گەشتیارییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی قۆرخکاری نەبێت، هەموو هەوڵیکمان وەکو دەستەی گەشتوگوزار ئەوەیە کەشێکی گونجاو بۆ گەشتیاران بڕەخسێنین و زۆرترین گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن''.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو نزیکەی 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ''ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.''
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کار لەسەر دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک دەکات، بۆ ئەوەی وەکو ''رێبەری گەشتیاریی ئەلیکترۆنی'' گەشتیاران سوودی لێببینن. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت: "زیاتر لە 85٪ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی نوێوە بخرێتە کارەوە.''
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەپلیکەیشنەکە هەروەها گوتی: ''بۆ هەردوو پلاتفۆرمی ئەندرۆید و IOS بەبێ ئینتەرنێت کاردەکات، لە قۆناخی یەکەم زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست دەبێت."
 
دەشڵێت، رێبەرییەکە هەموو زانیارییەکی لەسەر شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان تێدایە، ''گەشتیاران لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکرێت و دەتوانن هۆتێل و شوێنی مانەوە بگرن.''
 
هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023، بووە خاوەنی رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی پیشەی رێبەری گەشتیاری. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: ''زیاتر لە 3500 خوازیار داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی ببنە رێبەری گەشتیاری.''
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان لیژنەی تایبەتمەند هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کەسانە دەکات کە داواکارییان پێشکێشکردووە، دواتر خولی پێویستیان بۆ دەکرێتەوە و باجی فەرمییان بۆ دروست دەکرێت.''
 
ئەو خوازیارانە دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە وەکو رێبەری گەشتیاری دەناسێنرێن و باجیان بۆ دروست دەکرێت، دواتر بە رێنماییەک تەواوی بنکە گەشتیارییە 4 ئەستێرەیی و 5 ئەستێرەییەکان و کۆمپانیا گەشتیارییەکان پابەند دەکرێن بە دامەزراندنی رێبەری گەشتیاری.
 
بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید ئێستا لە دیاریکردنی رێبەری گەشتیاری لەو 3500 کەسە، کێشەیەکیان هەیە ئەویش ئەوەیە بەشی زۆری ئەو خوازیارانە زمانی دیکە نازانن.
 
'هاتنی گەشتیار کەمی کردووە'
 
ئەمڕۆ دووشەممە زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە و چاوەڕێی هاتنی گەشتیارانین. چەند رۆژێکیشە گەشتیاران روویان لە پارێگاکە کردووە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، ئەو هۆتێل و بنکە گەشتیارییانەی کە سەری ساڵ ئاهەنگیان تێدا بەڕێوەدەچێت، مۆڵەتیان بۆ ئاهەنگگێڕان وەرگرتووە و مۆڵەتیان لە بنکە ئەمنییەکانی نزیک خۆیانیش وەرگرتووە."
 
سەبارەت بە شوێنی مانەوەی گەشتیاران و ژمارەیانەوە، زیرەک بیا ئیلیا گوتی: "لە هەموو بۆنەکاندا شوێنی مانەوەی پێویست بۆ گەشتیاران هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەمساڵ کێشەی کەمی گەشتیارمان هەیە.''
 
لەبارەی هۆکاری کەمی گەشتیارەوە سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر گوتی، "زۆربەی گەشتیارەکانمان خەڵکی خوارووی عێراقن، ئێستا خەڵکی خوارووی عێراقیش لە دۆخێکی خراپی سیاسیدان و ئاگادارکراونەتەوە کە گەشت نەکەن."
 
هەروەها مەحموود تۆفیق، بەڕێوەبەری مێوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی پشووەکانی سەری ساڵ کردووە، بەڵام ئەم ساڵ بەفر و باران نەباریوە و گەشتیارمان کەمە.''
 
بەگوتەی مەحموود تۆفیق، تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە بۆ سەری ساڵ پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.
 
لەبارەی شوێنی پێویست بۆ مانەوەی گەشتیاران گوتی، "لەناو شار جێگەی نزیکەی 25 هەزار گەشتیارمان هەیە.'' 
 
مەحموود تۆفیق، پێشبینی دەکات سەری ساڵی ئەمساڵ بەراورد بە  سەری ساڵی رابردوو، ژمارەی گەشتیاران کەمببێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەمڕۆش لە خوارووی عێراق دەوامی فەرمی هەیە. پار ئەم کاتانە خەڵک خولیای ئەوەی هەبوو بەفر و شاخەکان ببینێت، بەڵام ئەم ساڵ بەفر و بارانیش نەباریون''. 
 
''نەبوونی بەرنامە ژمارەی گەشتیارانی لە دهۆک زۆر کەم کردووەتەوە''
 
هاوکات ئیحسان عیسا سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و بنکە گەشتییارییەکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ ئامادەین.''
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 200 هۆتێل و مۆتێل و بنکەی گەشتیاری هەیە، ئیحسان عیسا گوتی: ''دەتوانین پێشوازی لە 16 هەزار گەشتیار بکەین، بەڵام ژمارەی گەشتیار زۆر کەمی کردووە."
 
لەبارەی هۆکاری کەمیی گەشتیار لە پارێزگای دهۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و بنکە گەشتییارییەکانی دهۆک دەڵێت، ''حکومەت هیچ پلانێکی بۆ پارێزگاکە نییە. هاوکات گەشتیارەکانمان خەڵکی خوارووی عێراقن و پشووی فەرمیش لە عێراق چوار رۆژە، رێژەی هاتنی گەشتیاران پێشتر کەم بوو، ئێستا بەو هۆکارە کەمتریش دەبێتەوە.'' 
 
بەگوتەی ئیحسان عیسا، ساڵی رابردوو دوو هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دهۆکیان کردووە. گوتیشی، ''پێشبینی ناکەم ئەم ساڵ زیاتر لە دوو هەزار گەشتیار روو لە پارێزگاکە بکەن.''
 
وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری
 
لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتوگوزار و گەشتیارییدا، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "لە چوارساڵی سەرەتای کابینەی نۆیەم، قەبارەی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاری و گەشتوگوزار گەیشتووەتە نزیکەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، کە 42٪ پرۆژەکانی وەبەرهێنان پێکدێنێت."
 
هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاریش وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
ناوەندە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار:
 
-  470 هۆتێل (40 هۆتێلی براند و 5 ئەستێرەیی).
- 280 مۆتێل.
- 700 کۆمپانیای گەشتیاری.
- 600 رێستۆرانت.
-  700 کافتریای گەشتیاری.
- 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەی بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

گەشتیاران لە هەر چوار وەرزی ساڵ سەردانی سنووری هەڵەبجە دەکەن

لە سنووری پارێزگەی هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاریی هەن، لە چوار وەرزی ساڵ سەردانیان دەکرێت. بەڵام بەشێک لە گەشتیاران گلەیی لە کەمی خزمەتگوزاری و خراپی رێگەوبان دەکەن.