مەسرور بارزانی بەرەو سویسرا بەڕێکەوت

16-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لە داڤۆس بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێبکات. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2023 کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا دەستپێدەکات. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبێت و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێت.
 
لەسەر ئاستی عێراقیش لـەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەنێو لیستی بەشداربووانی کۆڕبەندەکەدان.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16-1-2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەرەو داڤۆس لە سویسرا بەڕێکەوت و "له‌ماوه‌ی 4 ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت له‌ چه‌ند پانێڵ و گفتوگۆیه‌كدا بەشدار دەبێت، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی جیهان ئه‌نجام دەدات. "

 

 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردە سیاسی و خاوەنکارانی جیهان، چەندین بابەت تاوتوێ دەکات، لەوانە  هەمەچەشنکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، وەبەرهێنان لەبواری کانزا و نەوت و گاز و وزەی پاك، بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی. ئەمە جیا لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کۆمەڵێک خاوەنکار و وەبەرهێنەران و نوێنەری وڵاتانی کەنداو لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە ساڵی رابردوودا، توانرا پڕۆسەی هه‌نارده‌كردنی هەناری کوردستان بە سەرکەوتووی به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌ناری كوردستان گه‌یشته‌ چەند وڵاتێکی کەنداو و ئەم پڕۆژەیە، تائێستاش بەردەوامە. هه‌روه‌ها ئێستا كار ده‌كرێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی دیكه‌ی خۆماڵی هه‌رێمی كوردستان بۆ‌ وڵاتانی کەنداو ، لە هەمانکاتدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وەبەرهێنەران و بازرگانه‌ نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە ده‌رباره‌ی دەرفەته‌كانی وه‌به‌رهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی  لە بوارەکانی  وزە و بانک و به‌ دیجیتاڵکردن و بنیاتنانی ژێرخان و پیشه‌سازیدا."
 
کۆڕبەندەکە بە بەشداریی زیاتر لە 2700 سەرکردە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ژینگە و ئابووریی وڵاتان، خاوەن کار و کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانی دەکات و تاوەکو 20ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
کۆربەندی ئابووریی جیهان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری چەندین قەیران دەدات کە بەرۆکی زۆربەی خەڵکی جیهان و وڵاتانی گرتووە. درووشمی ئەمساڵی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس "هاوئاهەنگییە لە جیهانێکی دابەشبوودا."
 
کلاوس شواب، دامەزرێنەر و سەرۆکی جێبەجێکاریی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەشبوونی جیهان نەبوونی هاوئاهەنگییە. ئەمەش دابەشبوونی کۆمەڵگە زیاد دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە