رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرپەرشتیای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا سێ بەڕێوەبەری گشتی لە ئیدارەکەیان دەستبەکاربوون و کۆی گشتیی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی بەڕێوەبەرەکانیان دەستبەکاربوون، بوون بە پێنج.
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران دەستبەکاربوون و بەڕێوەبەرانی گشتیی کشتوکاڵ و پەروەردەش دیاریکراون و تەنیا ماوە لە رێوڕەسمێکدا رابگەیێندرێن، ئەوانەشی ماون بەڕێوەبەرانی گشتیی دامەزراوەکانی دیکەن لەوانە کارەبا و تەندروستی."
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی، "پێشتر لە سێ فەرمانی جیادا بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستبەکاربوونی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە دەرکرا و ئەمڕۆ كەریم كاوە وەک بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، فەیسەل سادق بە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار و دلیڤان عومەر وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی سۆران دەستبەکاربوون."
رۆژی، 14-9-2021، لە رێوڕەسمێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی بە فەرمی راگەیاند کە لە چوار قەزای سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکدێت. ژمارەی دانیشتووانی ئیدارەکە نزیکەی 350 هەزار کەس دەبێت و رێژی 14.4٪ـی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر پێکدەهێنن و رووبەری ئیدارەکە پێنج هەزار و 473 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت و بەهەر چوار قەزاکەوە لە 13 ناحیە و 797 گوند پێکدێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ