دادگاییکردنی نووسەری کتێبی "مام جەلال...دیداری تەمەن" بۆ مانگی ئەیلوول دواخرا

15-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری نووسەری کتێبی "مام جەلال...دیداری تەمەن" رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگاییکردنی سەلاح رەشید، نووسەری کتێبەکە بەڕێوەچووە و دادگاییەکە بۆ مانگی ئەیلوول دواخراوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 15-05-2023 بەشدار حەسەن، پارێزەری سەڵاح رەشید کە نووسەر و ئامادەکاری کتێبی "مام جەلال..دیداری تەمەن"ـە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دادگەی کەتنی دووی هەولێرەوە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی نووسەر سەڵاح رشيد بەپێی مادەی 433 لە یاسای سزاکانی عێراق بەڕێوەچوو."
 
بە گوتەی بەشدارحەسەن، دادگاییکردنەکە بۆ 4ـی ئەیلوولی 2023 دواخراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش دادگەی هەولێر داوای لە سەڵاح رەشیدی نووسەر کردووە کە دەستنووسێکی کەسی یەکەمی بنەماڵەی تاڵەبانی بهێنێت کە بیسەلمێنێت قسەکانی نێو ئەو کتێبە مام جەلال کردوونی و رەزامەندیان لەسەر بڵاوکردنەوەی داوە و بۆ ئەوەش پێویستە قوباد تاڵەبانی یان بافڵ تاڵەبانی یان هێرۆ ئیبراهیم دەستنووسەکە بکەن. 
 
كتێبەکە، کە ناونیشانی تەواوی "مام جەلال.. دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری"ـە لە نیسانی 2017 بڵاوكرایەوە لە کتێبەکە لەسەر زاری مام جەلالەوە رەخنە لە رەسووڵ مامەند گیراوە کە سەرکردەیەکی باڵایی یەکێتی بووە، بۆیە دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکە لە تەممووزی 2017 ئارام رەسووڵ مامەند، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆمەتی ناوزڕاندنی باوکی سکاڵای دژی سەڵاح رەشید تۆمارکرد و رۆژی 22ـی ئابی 2022 ئەو هاووڵاتییە بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازاد کرا.
 
ئارام رەسووڵ مامەند، کە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە لەسەر سەڵاح رەشید ئامادەکاری کتێبی (مام جەلال.. دیداری تەمەن) بە تۆمەتی ئەوەی لە کتێبەکەدا رەخنەی لە باوکی گرتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکە راستەوخۆ سکاڵامم تۆمارکرد، چونکە لەو کتێبە مێژووی باوکم شێوێندراوە، ناوی زڕێندراوە و تۆمەتبارکراوە بەوەی کە خیانەتی لە شۆڕش کردووە و پەیوەندی بە رژێم کردووە و کتێبەکەش لەسەر زاری مام جەلال بڵاوکراوەتەوە." 
 
ئارام رەسول مامەند گوتیشی: "سەڵاح رەشید باسی ئەوەی کردووە کە تۆماری دەنگی مام جەلالی هەیە و کتێبەکە لەسەر زاری ئەو بڵاوکردووەتەوە، بۆیە دوو داواکاریم هەبوو یەکەم %100 بزانم کە ئەمە قسەی مام جەلالە و نووسەر دەستکاری نەکردووە، دووەم کاتێک کتێبەکە بڵاوکراوەتەوە کە مام جەلال نەخۆش بووە و پێ گوتووە ئەو قسانەم بۆ بڵاوکردنەوە نییە و نووسەریش بەبێ رەزامەندی بنەماڵەی نزیکەی مام جەلال بڵاویکردووەتەوە، ئێمەش بەڵگەمان دەوێت کە بیسەڵمێنێت بنەماڵەی مام جەلال رەزامەندیان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە داوە."
 
لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی هەولێر، سەڵاح رەشید، نووسەری کتێبی "مام جەلال.... دیداری تەمەن" تۆمارێکی دەنگیی مام جەلالی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لە خودی مام جەلال گوتەکانی وەرگرتووە، ئارام رەسول مامەندیش دەڵێت: "دادگا داوای کردووە بەدواداچوون بکرێت کە ئەو دەنگە دەنگی خودی مام جەلالە، هاوکات پێویستە لە دانیشتنی داهاتوو نووسراوێکی فەرمی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی تاڵەبانی وەربگرێت کە تێدا بیسەڵمێنێت کتێبەکە بە رەزامەندی ئەوان بڵاوکراوەتەوە."
 
بە گوتەی ئارام رەسول مامەند، باوکی کارگێری مەکتەب سیاسی یەکێتی بوو، "ئەوکات ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کوردستانیش بوو، پێش ئەوەش زیاتر لە 12 بۆ 13 ساڵ سکرتێری حزبی سۆشیالیستی کوردستان بووە، لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رۆڵێکی گەورەی هەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە