رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە هەفتەی رابردوودا چوار کەس لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایەدا بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ گیانیان لەدەستداوە.
محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ شەممە گوتی، درەنگانی رۆژی 14.04.2023 لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە شاری شاباد، شاخەوانێک کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەیانیی رۆژی هەینی 14-4-2023ش دوو شاخەوان لە ناوچە شاخاوییەکانی "پەڕاو" سەر بە شاری سەحنە، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەی محەممەدباقر محەممەدی، ئەو رووداوە بەیانیی زوو روویداوە و هێزە یارمەتیدەرەکان بەهۆی بارانبارینەوە کاژێر 8ـی بەیانی خۆیان گەیاندووەتە شاخەوانە بریندارەکە و لەوێ چارەسەری سەرەتاییان بۆ کردووە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی سۆنقوری کولیایش، رۆژی 11.04.2023 هاونیشتمانییەکی 62 ساڵ تەمەن لە شاخ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
رۆژی 07.04.2023ش خەڵک پەیوەندییان بە مانگی سووری شاری داڵاهۆوە کرد و رایانگەیاند، هاونیشتمانییەک لە شاخ کەوتووەتە خوارەوە، هێزە یارمەتیدەرەکانی مانگی سوور دوای 4 کاژێر توانییان تەرمی ئەو هاونیشتمانییە 60 ساڵ تەمەنە لە ناوچە شاخاوییەکان ببەنە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ