کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 27 جار لە کامپەکان ئاگر کەوتووەتەوە

16-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، "لە کۆی ئەو 15 کەمپەی لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نزیکەی 27 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون کە 23یان لە کامپی ئاوارە و چواریان لە کامپی پەنابەران بوون و زیانی گیانی و مادییان هەبووە، بەڵام حکومەتی عێراق لە زیانە مادییەکان بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی کامپەکانی نەکردووە."
 
رۆژی شەممە 15-04-2023 پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای دهۆک 15 کامپ هەن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 27 رووداوی ئاگرکەوتنەوەمان لە کامپەکان تۆمار کراون کە بەهۆیانەوە دوو برا گیانیان لەدەستداوە و زیانی مادیی زۆریشی هەبوون."
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، لەو زیانە مادییانەی بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کامپەکانی سنووری پارێزگاکە روویداوە حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی نەکردوونەتەوە و هاوکار نەبووە.
 
لە پارێزگای دهۆک چوار کامپی پەنابەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و 11 کامپی ئاوارەکان هەن. پیر دەیان پیر جەعفەر دەشڵێت، حکومەتی عێراق مانگانە بە یەک سەبەتەی خۆراک هاوکارە ئەگینا هیچ هاوکارییەکی دیکەی بۆ کامپەکانی سنووری پارێزگاکە نییە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک، 40% هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کەمبووەتەوە و داوا دەکەن عێراق هاوکاریی ئاوارەکانی ئەو سنوورە بکات، "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن، ئێستا حکومەتی عێراق حکومەتێکی دەوڵەمەندە و دەتوانێت هاوکاریی ئاوارەکان بکات، ماوەی رابردوو لەوبارەوە سەردانی بەغدامان کرد و داوامان کرد هاوکاریی مادییان بکەن، راپۆرتێکی وردمان پێشکێش کردن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە